دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 22/02/2024

ئایا ئەنشتاین تاوانبار بوو؟

خالد سلێمان

فیلمی (ئەنشتاین و بۆمبەکە) کە لەسەر نێتفلیکش نمایش دەکرێت، پرسیارێکی ئەخلاقیی گەورە لەسەر یەکێک لە بلیمەتەکانی سەدەی بیستەم دەرووژێنێت؛ ئەویش پرسیارە لەسەر بەپرسیارێتی زاناو بیرمەندی بەناوبانگ (ئەلبێرت ئەنشتاین)، لە بۆمبارانکردنی هەردوو شاری هێرۆشیماو ناگازاکی لە ژاپۆن بەچەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە. هەردوو شارەکە لە مانگی ئۆگستی 1945 بە بۆمبی ئەتۆمی وێران کران و لەماوەی چەند چرکەیەکدا زیاتر لە 70 هەزار هاووڵاتی کوژران و دەیان هەزاری تریش بریندارو پەککەوتە بوون، ئەمە جگە لەناوچوونی ژمارەکەی زۆری گیانەوەران و زیانێکی بێشوومار نەک تەنها لە ژینگەی ژاپۆن، بەڵکو لە سیستمی ژینگەیی هەموو جیهان.
پرسیارەکە لێرەدا لەسەر زاناو زانست و ئەخلاقە، چونکە بەبێ عەقڵێکی فیزیایی، دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی و وێرانکردنی دوو شار لە ئارادا نەبوو. باشە ئەلبێرت ئەنشتاین کە لەدەستی هیتلەری دیکتاتۆر و ماشێنی کوشتنی نازییەکان ڕایکردو ساڵی 1933 گەیشتە ئەمریکا، چۆن بەشداری لە دیزان و دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدا کرد کە ترسناکترین چەکە دژی سروشت و مرۆڤ و جۆرەکان تری زیندەوەر بوو لەسەر زەوی؟
وەڵامی ئەم پرسیارە دەمانخاتە سەر دوو ئاستی بیرکردنەوە: یەکەمیان زانستییەو جگە لە ئەنشتاین ناوی زانایایەکی تری فیزیا دەردەکەوێت ئەویش ڕۆبێرت ئۆپنهایمەرە، ئاستی دووەمیش ئەخلاقی و سیاسییەو ئەنشتاین وەک خۆی نایشارێتەوە کە تیایدا بەرپرسیارێتی بەرامبەر کارەساتەکە هەڵدەگرێت.

ئەوەی پەیوەستە بەئاستی زانستییەوە، ئەنشتاین پەیوەندی نێوان هێزو وزەی دۆزییەوەو فراوانکرد، هەروەها بردییە ئاستێکی پێشکەوتووی وەهاوە کە ئیتر وەک تیۆرێکی زانستیی و ئاڵۆزە نەمێنێتەوە، بەڵکو وەربگێردرێت و ببێتە بەشێک لە سیستمی سەربازی و بەرپەرچدانەوە. بەتایبەتی دووای پەرەسەندنی فاشیزمی ئەڵمانی و گەورەبوونی حەشاماتی نازییەکان، ئەنشتاین لە هەوڵی ئەوەدابوو، زانستی فیزیا ڕووبەرێژ بێت بۆ ئاشتی. هاوکێشە فیزیاییەکەش بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

وزە یەکسانە بەهێز : E=MC2
E یانی وزە
M یانی هێز
C یانی خێرایی تیشک
هێشتا هاوکێشەکە ڕوون نیەو پێویستی بەشیکردنەوە هەیە، وانیە؟

هێزێکی کەم (ڕێژەیەکی کەم لە یۆرانیۆم) لەتوانایدا هەیە وزەیەکی یەکجار زۆرو زەبەلاح و خێرا دروست بکات، ئەمە گەوهەری بابەتەکەیە. واتە ئەو وزە وێرانکارییە کە چەکی ئەتۆمی لەخۆی دەگرێت، لەوانەیە لە ڕووی قورساییەوە ئەوەندە سوک بێت هەستیشی پێنەکرێت، بەڵام توانای لەناوبردنێکی ترسناکی هەیە.

ڕاستە ئەنشتاین یەکەم زانای فیزیا بوو لە چوارچێوەی داهێنانی تیۆری ڕێژەییدا ئەم هاوکێشەیەی دۆزییەوەو پەرەی پێدا، بەڵام ئەو زانایەی کە تیۆرەکەی ئەنشتاینی لەدروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا بەکارهێنا، ڕۆبێرت ئۆپنهایمەر بوو. ئەویش یەکێک بوو لە زانا بەناوبانگەکانی زانستی فیزیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها زانای فیزیایی بەڕەچەڵەک هەنگاریی لیۆ سلارد.

هەر لەسەر بنەمای ئەو خاڵەی یەکەم لەسەر هاوکێشەی هێزو وزە، زانیاری هەبوو کە هیتلەر سەرقاڵی پەرەپێدانی یۆرانیۆم و چەکی وێرانکارییە. بۆیە ساڵی 1939 ئەنشتیان بەیارمەتی لیۆ سلارد کە ساڵی 1930 لە هەنگاریاوە ڕووی کردبووە ئەمریکا، نامەیەک بۆ فرانکلین ڕۆزڤێلت دەنووسێت و داوای لێدەکات کار لەسەر هەمان چەک بکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هیتلەر.

ئەنشتاین خۆی ددانی پێدا دەنێت و ڕایدەگەیەنێت گەر شتێک هەبێت لێی پەشیمان بێت، ئەوا نووسینی ئەو نامەیەیە بۆ سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام دۆزینەوەو پەرەپێدانی هاوکێشەی E=MC2، ئەوە زانستەو دەکرا خەسڵەتی بنەمای ئاشتی بوایە نەک وێرانکاریی.

تێبینی: فیلمە لە نێوان درامی و دۆکۆمێنتاریدایەو دەکرێت بووترێت دۆکۆدرامییە.






Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP