هەرێم نیوز
بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، پشتگیری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم دەکەن بۆ راسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی ھەرێم و دەشڵێت، "6 ھەزار سێ یەکەمی زانکۆ پەیمانگاکان ھەیە دانەمەزراون".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی 4ی 2024 د. عەبددولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، " حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تا ساڵی 2017 سێ یەکەمەکانی دامەزراندوە و دوا لیستی دامەزراندن نزیکەی یەک ھەزار و 200 دەرچوو بووە، بەڵام دواتر بەھۆی قەیرانی دارایی سێ یەکەمەکان دانەمەزراون و دەرچوانی ساڵی 2018 ھەتا ئێستا لەوانەیە ژمارەیان بگاتە شەش ھەزار دەرچوو لەسەرانسەری ھەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کردووە، " دەست خۆشی لە بڕیاری دوێنێی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم دەکەین، کە لایەنە پەیوەندارەکانی راسپارد لەگەڵ بەغدا بۆ تەرخانکردنی دارایی بەمەبەستی دامەزراندنێ سێ یەکەمەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەنگاوێکی باشە، چونکە ئێستا دامەزراندن دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی فیدڕاڵ و پێویستە بەغدا پارە بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێم تەرخان بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، "حکوومەتی ھەرێم پێشتر ئەوەی لەتوانای بوو ئەنجامی دا، بەڵام کە ئێستا لە توای حکوومەتدا نییە و مافی دەرچوانیشە دابمەزرێن، چونکە ئەو قوتابیانە چەندین ساڵە چاوەڕێی دامەزراندن دەکەن و ئێستاش کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم کە لایەنە پەیوەندارەکانی راسپاردوە ئێمە پشتگیری دەکەین".