دواین هەواڵ

کلتور‌

 09/03/2024

تەقەللای میر ئیسماعیلی دووەم بۆ وەرگرتنەوەی ئامێدی لە محەمەد پاشای سۆران لە کڵاورۆژنەی دوو بەڵگەی بڵاونەکراوەی عوسمانییەوە

د. سامان مستەفا ڕەشید
میر ئیسماعیل پاشای دووەم کە کوڕی محەمەد تەیاری میری ئامێدی بووە، دوا میری میرنیشینی بادینان بووە، سەرەڕای هەوڵی زۆر و نیشاندانی ئازایەتی لە بەرگریکردن لە میرنیشێنی بادینان و پایتەختەکەی( ئامێدی)، بەڵام لەسەردەمی ئەم میرەدا میرنیشینەکەی ڕووبەڕووی شاڵاوەکانی فراوانخوازی میر محەمەدی میری سۆران «پاشا کۆرە» (١٨١٣-١٨٣٦) بۆوەتەوە. بەجۆرێک میر محەمەد لە ساڵی دوای ساڵی ١٨٣٢دا پایتەختی میرنیشینەکەی واتا( ئامێدی) گەمارۆ دەدات و ناوبراو دوای ماوەیەک بەرگری ناچار بە کشانەوە بۆ ناوچەی نێروەی دەبێت و بەوچەشنە ئامێدی دەکەوێتە بندەستی میر محەمەدی پاشای سۆران، میر محەمەد پاشا ڕەسوڵ پاشای برای دەکاتە حاکمی ئامێدی، ئیدی تاکۆتایی سەردەمی میر محەمەد پاشای سۆران (١٨٣٦) ئامێدی وەک بەشێک لە میرنیشینی سۆران دەمێنێتەوە، دوای ئەوەی ئیسماعیل پاشا، تێدەگات دەرەقەتی هێز و بازووی میری سۆران نایەت و ناتوانێت بەخۆی پایتەختی میرنیشینەکەی لێوەرگرێتەوە، پەنا دەباتە بەر سوڵتانی عوسمانی و والی بەغداد(عەلی پاشا) لەم سۆنگەیەوە، چەند جارێک نامە و پەیک دەنێرێت و ئامادەیی خۆی نیشاندەدات لەبەرامبەر گەڕانەوەی بۆ میرایەتی ئامێدی هەرخواستێكی والی ناوبراو بەجێبهێنێت، کە داوای لێ بکات، ئەمەش بەڕوونی لە چەند بەڵگەنامەیەکی عوسمانییدا ڕەنگیداوەتەوە.

بەڵگەنامەی یەکەم:

نامەیەکی فارسی(میر ئیسماعیل)ی میری بادینانە، کە بە مۆر و ئیمزایی خۆیەوە لە ساڵی (١٨٣٥ز) بۆ سوڵتانی عوسمانی ناردووە. وەک لە ناوەڕۆکی ئەم نامەی ئیسماعیل پاشا دەردەکەوێت، ناوبراو پەنای پڕسۆزی سوڵتانی وەک پەناگەی چارەسەری و کردنەوەی هەموو گرێ و گرفتەکان وێناکردووە، دواتر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەرچی حەوت مانگە بە هاوڕێیەتی ئەمین ئالای ئەحمەد بەگدا چووەتە لای عەلی پاشای والی بەغدا و ڕایگەیاندووە ئامادەی هەرکارێکن کە والی ناوبراو بیەوێت، ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکردوە لەسەر ڕوخسەتی والی کە شەش ڕۆژ لە رەمەزان ماوە گەشتۆتەوە موسڵ و چاوەڕێی ئەوە بوو لە والی بەغداد هێزی بۆ بنێرێت بۆ ئەوەی ئامێدی بگرێتەوە، بەڵام وەک بەدیار دەکەوێت دوای گەیشتنەوەی ئیسماعیل پاشا بە موسڵ و تێپەڕبوونی بیست ڕۆژ بەسەر مانگی ڕەمەزاندا هەواڵێک لە هاتنی هێز و هاوکاری نەبووە، ناوبراو جەختیکردۆتەوە ئامادەیە لەبەرامبەر هاوکاریکردنی بۆ گرتنەوەی ئامێدی دوو بارتەقای ئەو خزمەتانەی لەبەردەم والی بەغدا بەڵێنی بەجێهێنانی داوە، ئەنجامی بدات، ئەمە وێڕای ئەوەی ئاماژەیشێ بۆ ئەوەکردووە، ئەم بەندە ( واتا ئیسماعیل پاشا) لەگەڵ تەواوی عەشایەری سەنجەقی ئامێد ڕێککەوتنی کردوە و هەموویان ئامادەن و لە چاوەڕوانی ئەودان، بۆیە دواکارە لە خوای باڵا دەست، وەلی نیعمەتی چاوی سۆزی لەهەمبەر تکا و ڕجای ئەو بەندە کەم نەهێنێت و ئەو بەندەیە پشتگوێ نەخات، وەک بە ڕوونی ئاماژەی پێکردووە، هیوا و تکای وایە کە بە بەندەی خۆی قەبوڵی بکات، داوای کردوە بە فەرمان و نوسراو، داوا لە بەغداد و پاشای موسڵ بکات کە ئەو بەندە شاد و بەئاوات بگەیەنێت. لە پەراوێزی نامەکەشدا هاتووە خزمەتگوزارتا دەخوازێت، ئەگەر ئەو کارەش( ئەو داواکاریەی سەرەوە) مەیسەر نابێت، ڕێگەیەک بۆ خزمەتکردنی ئەو بەندە نیشان بدەن، چونکە ئەو بەندە بەخۆی بۆ خزمەتکردن ناتوانێت هیچ بکات. لەکۆتایی نامەکەشدا هاتووە بەندە ئیسماعیل و مۆری ئیسماعیلیش بەڕوونی لە کۆتایی نامەکەدا هاتووە.

بەڵگەی دووەم :

ئەم بەڵگەنامە نوسراوێکە کە لە بەرواری ( ٢٨ سەفەری ١٢٥١ک/ ٢٥ حوزەیرانی ١٨٣٥ز) دیسانەوە بۆ سوڵتان ن دیسانەوە بۆ سوڵتان نێردراوە، لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، وەک مەعلومی جەنابتانە دوای دەستدرێژی و دەستبەسەراگرتنی ئامێدی سەنجەقی ئامێدی لەلایەن محەمە پاشای بەگی ڕەواند، چ لەلایەن ئیسماعیل پاشای ئامێدی و چ لەلایەن کەسانی ترەوە ژمارەیەک نوسراو و بەزەیینامەمان بۆ هاتوون و والی بەغدادیش لەو نوسراوانە ئاگادارە، لەلایەن والی ناوبراوەوە ئیسماعیل پاشا بانگکراوە و ئیسماعیل پاشا داوای هاوکاری کردووە، ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە ڕێکەوتنی لەگەڵ خەڵکی ناوچەک هەیە کە لای ئەو دەگرن، و ڕاشی گەیاندووە، لە حاڵێکدا ئەگەر بێت و لیوای ناوبراوی پێ بدرێت ئەوا ئامادەیە، ساڵانە (٥٠٠٠) پێنج هەزار کیسە ئاقچە ڕادەستی بەغداد بکات بۆ ئەوەی بنێردرێت بۆ خەزێنەی دەوڵەت، ئامادەئە تاوەکو سەلماندنی ئەم بانگەشەیەشێ برایەکی خۆی بنێرێت بۆ والی بەغدا تاوەکو وەک ڕەهینە لەوێ بێت، لەوەش زیاتر ڕای گەیاندووە ئامادەی بەجێهێنانی هەر داواکارییەکی تریشە چ لەلای سوڵتانەوە داوای لێبکرێت یان لەلای بەغدادەوە داوای لێبکرێت. بەم چەشنە وەک لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە ئیسماعیل پاشای ئامادەی جێبەجێکردنی هەر داواکارییەکی ئەستەموڵ و بەغدا بووە لەبەرامبەر گەڕاندنەوەی ئامێدی بۆ بندەستی.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP