دواین هەواڵ

ئابوری‌

 پێش 2 هەفتە

نەرمین مەعروف: بەغدا پارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش دەنێرێت

هەرێم نیوز

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کار بۆ ئەوە دەکەن مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانیش وەربگرن، دەشڵێت ، وەزارەتی دارایی عێراق دوای وردبینی، پارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش دەنێرێت، لەئێستاشدا چاوەڕوانی ناردنی لیستەکەن.

نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی چارەنووسی سێ مووچەی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''هەوڵی تەواو دەدەین کە وەربگیرێت، بەڵام لە رووی دارایی و ژمێریارییەوە مووچە لە چوارچێوەی خەرجیی بەکاربردندایە (جاری) کە لە 31-12-2023 کۆتاییهاتووە.''

دەشڵێت، ''بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی 'اثر رەجعی' نییە و بەڵکو تەنیا لە 21ـی شوباتەوە جێبەجێ دەکرێت، بۆیە دەبێ چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی بین، کە رێگە بە وەرگرتنی دەدات یان نا.''

 نەرمین مەعرووف ئاماژەی بەوەش کرد ، 'بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، تەنیا بڕیارێکە، ئەوان پێویستییان بە گەرەنتیی زیاتر هەیە.

ڕوونیشیکردەوە، بۆ جێگیرکردنی مووچە لە خەرجیی حاکیمە، پێویستە لە هەمواری یاسای بودجەدا بابەتەکە گەرەنتی بکرێت، وتیشی، ''ئەمە پێویستی بە دەقی یاساییە نەک تەنیا بڕیاری داگەی فیدراڵی.''

نەرمین مەعرووف وتی، وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕوانی دەستپێکردنی پلەبەرزکردنەوەیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و بەڕێوەبەری گشتیی بودجەش پێیراگەیاندووە، ''ئەگەر لیستەکە ئامادە بکرێت و بنێردرێت، دوای پڕۆسەی وردبینی، بەغدا پارەی پلەبەرزکردنەوەش دەنێرێت''.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن؛ لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، جیا لە پلەبەرزکردنەوە، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە.

لەبارەی موچەی خانەنشینانیش، جیاوازییەکی زۆر لە نێوان مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە، کەمترین مووچەی خانەنشینی لە بەغدا زیاتر لە 500 هەزار دینارە، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان کەمترە لە 200 هەزار دینار. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP