دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 1 هەفتە

راپۆرتێک دەستدرێژی و ئازاری سێکسی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرانبەر بە خۆپیشاندەران ئاشکرا دەکات

هەرێم نیوز

روانگەی مافی مرۆڤ لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، وێڕای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسییان بۆ سەر دەستگیرکراوەکان ئەنجامداوە. بەتایبەت بەرانبەر بە کورد و بەلووچەکان.

 ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا لە ڕۆژی دووشەممە نووسیویەتی: "دەستدرێژی سێکسی توند لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە وەکو شێوازێک لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە بەرانبەر نەیارەکانی بەکاریهێناوە".

لە سەردەمی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران کە بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد، لەوکاتەوە و دوای ئەوەش چەندین ڕاپۆرت و بەڵگەنامەی ئەشکەنجە، دەستدرێژی سێکسی و ئازاری سێکسی لەلایەن ئەفسەرانی ئەمنی و سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران لەدژی خۆپیشاندەران بڵاوکرانەوە.

سەرۆکی دەسەڵاتی دادی کۆماری ئیسلامی پێشتر ڕایگەیاندووە، کە 22 هەزار کەس لە دەستگیرکراوانی کاتی خۆپیشاندانەکان ئازادکراون.

ڕوانگەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتە نوێیەکەیدا ڕایگەیاندووە، بە تایبەتی لێکۆڵینەوەی لە دەستدرێژیکردنە سەر دە زیندانی لەو ناوچانە کردووە کە کەمینە کورد و بەلووچ و ئازەرییەکان تێیدا نیشتەجێن.

لە حەوت لەو حاڵەتانەدا دەستگیرکراوان ڕایانگەیاندووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە دراون تا دانپێدانانیان لێوەربگیرێت.

ئەم ڕێکخراوە هەروەها باس لەوە دەکات کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژنێکی بەلوچ کردووە کە نەک هەر گەواهیدەری دەستدرێژیکردنە سەر لانیکەم دوو ژنی دیکە لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردن لە سیستان و بەلووچستان بووە، بەڵکو خۆیشی لەلایەن ئەفسەرانی ئەمنیەوە "لێیدراوە" و "دەستدرێژی سێکسی" کراوەتە سەر.

ئەم ڕێکخراوە لە ڕاپۆرتەکەیدا گێڕانەوەی دیکەی ژن و پیاوی ناڕازیی کورد، بەلووچ و ئازەری کە لە کاتی دەسبەسەرکردنیان لە سیستان و بەلوچستان، کرماشان، و پارێزگاکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کودستانی بڵاوکردەتەوە کە لە لایەن ئەفسەرانی ئەمنیەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر.

پێش ئەمە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران، بەکارهێنانی توندوتیژیی توندی دەسەڵاتدارانی ئێرانیان بۆ سەرکوتکردنی ناوچە کەمینە نەتەوەییەکان تۆمار کردووە و پشتڕاستیان کردووەتەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا بەڵگەی ئەوە هاتبوو کە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ "تۆقاندن و سزادانی" ناڕازیانی "ژن، ژیان، ئازادی" "دەستدرێژی و جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی سێکسی" کەڵکیان وەرگرتووە. .

لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە لە لایەن ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاسپێردرابوو، کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە بەرپرس زانیوە و بەهۆی "توندوتیژی جەستەیی" ی ئەوانەوە ژینا ئەمینی گیانیلەدەستدا، کردەوەکانی حکومەتی ئێرانی لە دژی ژنان بە نموونەی " تاوان دژی مرۆڤایەتی." ناوبردووە.

لە ڕاپۆرتی ئەم لیژنەیە لە ١٨ی مارس، سەبارەت بە ئێران، جەخت لەوە کرایەوە کە ئەوەی حکوومەتی ئێران بەرامبەر بە ژنانی ناڕازی کردوویەتی، لە خانەی "تاوان دژ بە مرۆڤایەتی" یە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP