دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

مەیادە نەجاڕ: دەبێت بە یاسا کورسی پێکهاتەکان بگەڕێندرێنەوە

محەمەد جەمال – هەولێر

ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە ڕۆڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دەڵێ، وای لە جۆبایدن کرد کە داوا لە سودانی بکات کێشەکانی لەگەڵ هەرێم چارەسەر بکات.

د. مەیادە نەجاڕ، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەرێم نیوز ڕایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بۆ ئەمریکا زۆر گرنگ بوو، وای کرد کە جۆبایدن لە کۆبوونەوەی لەگەل سەرۆک وەزیرانی عێراق باس لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان بکات.

وتیشی، داوای لە سودانی کرد ئەو کێشانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، بە تایبەت لەپرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران، دەبێت لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکرێن.

نەجاڕ باسیشی لەوە کرد ،کە کێشەکان کۆتاییان نەهاتووە و بەردەوام دەبن، بەڵام لەبەرئەوەی ئەمریکا ڕۆڵی کاریگەری لە ناوچەکە و عێراقدا هەیە، بۆیە دەبێت هێزی خۆی بەرامبەر بە عێراق نیشان بدات و فشار لەسەر عێراق دروست بکات، بۆئەوەی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق دووپاتیشی دەکاتەوە کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و بە مەرکەزییەت بەڕێوە ناچێت، هەروەها دەبێت دەستوەردانە هەرێمییەکان ڕابگیرێن و مافەکانی هەموو پێکهاتەکانیش زامن بکات.

لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ئاماژە بەوە دەکات ،کە دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیارەکانی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و تەنانەت بەرامبەر بە پێکهاتەکانیش نایاسایین، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوو ناکات ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن، بەتایبەت لەبارەی کورسی کۆتاکانەوە. دەشڵێت، دەبێت ئەو کورسییانە بە یاسا دووبارە بۆ پێکهاتەکان بگەڕێندرێنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP