هەرێم نیوز
پۆلیسی فەرەنسا رایگەیاند، شەوی شەممە بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیز نوقمبووە، بەوهۆیەشەوە 8 کۆچبەر گیانیانلەدەستداوە، بەگوێرەی زانیارییەکان یەکێک لە قوربانیەکان کوردە و خەڵکی دەربەندیخانە.
بە وتەی پۆلیس، بەلەمەکە لە سەر لە ئێوارەدا بەرەو بەریتانیا رۆیشتووە و لە نزیک کەناراوەکانی فەرەنسا نوقمبووە.
بە وتەی بەرپرسانی فەرەنسا، تەنیا رۆژی شەممە و هەینی 200 کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیز رزگارکراون.
هاوکات، سەرچاوەیەک لە دەربەندیخان رایگەیاند، گەنجێکی دەربەندیخان بەناوی (دیاری کامران محمد) ئاوباری لەئاوی نێوان فەڕەنسا بۆ بەریتانیا بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیانەوە خنکاوە.
بەرپرسانی بەریتانیاش ئاماژەیان بەوەکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 22 هەزار کۆچبەر لە رێگەی کەناڵەکەوە گەیشتوونەتە وڵاتەکە.
ئەمە پاش ئەوە دێت سەرەتای ئەم مانگە بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیز نوقمبوو، تیایدا 12 کەس گیانیانلەدەستدا ئەوەش زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدانی کۆچبەران بوو لە کەناڵەکە.
بەشێوەیەکى گشتیى لە ئەمساڵدا 37 کەس لە کاتى هەوڵی پەڕینەوەیان بۆ بەریتانیا لە کەناڵی ئینگلیز گیانیانلەدەستداوە.