دواین هەواڵ

ئابوری‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

پەکەکە:تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان لەلایەن تورکیاـەوە نەنراوە

هەرێم نیوز 

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە رایگەیاند، حکوومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی بەرچاوی بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان نەناوە، دەشڵێت،

ئەمڕۆ دووشەممە، 28-04-2025، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە بۆنەی 1ـی ئایار، ڕۆژی کرێکاران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا باسی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان کردووە. 

پەکەکە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی دەڵێت، بە هەموو توانایانەوە پشتیوانییان لە بانگەوازەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان کردووە و "لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووشدا هەوڵمان داوە بە دروستی لەم بانگەوازە تێ بگەین و بە سەرکەوتوویی جێبەجێی بکەین."

باسی لەوەش کردووە "سەرەڕای دواکەوتنەکانی حکوومەتی ئاکەپە (تورکیا) ئێمە بەردەوامین لە پاراستنی ئەم هەڵوێستە، چونکە ئێمە بڕیارێکی جددییمان لە چارەکردنی کێشەکان ڕاگەیاندووە، هەروەها بە تێگەیشتنێکی فراوانەوە لەگەڵ دۆخەکە مامەڵە دەکەین و هەوڵ دەدەین نەبینە لایەنێک کە پرۆسەکە هەڵوەشێنێتەوە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای لێدوانە گەشبینییەکانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی "بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو بانگەوازە لەلایەن حکوومەتی (تورکیا)ـەوە نەنراوە، هیوادارین ئەم دۆخە بگۆڕێت."

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممە، 24ـی 4ی 2025، شاندی دەم پارتی کە پێک هاتبوون لە گولستان کلیچ کۆچیغیت، سێزای تەمەلی جێگرانیی سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی و ئۆزتورک تورکدۆغان، یاریدەدەری هاوسەرۆکی پارتەکە لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری داد، کۆ بوونەوە. 

کۆبوونەوەکە، لە کاتێکدا بوو، ڕۆژی دووشەممە، 21-04-2025، بۆ جاری چوارەم شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەکەکە کۆبوونەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP