دواین هەواڵ

ئابوری‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

حکومەتی هەرێم سکاڵای یاسایی لەسەر بانکی TBI تۆمار کرد

هەرێم نیوز

جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆكایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، به‌فه‌رمی سکاڵایەکی فەرمیان لەسەر بانکی بازرگانی عێراق (TBI) لە بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی لە بەغداد تۆمار کردوە، ئه‌وه‌ش بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنێک كه‌ پێشتر واژۆكراوه‌.

عەزیز ئەحمەد، جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆكایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سکاڵایەکی فەرمییان لەسەر بانکی بازرگانی عێراق (TBI) لە بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی لە بەغداد تۆمار کردووە، بەهۆی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنێک کە ساڵی رابردوو لەنێوان هەردوولادا کراوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی رابردوو لەگەڵ بانکی بازرگانی عێراق گەیشتە رێککەوتن و بەو مەرجەی بانکەكە (100) ئامێری نوێی (ATM) لە هەرێمی کوردستان دابنێت. بەڵام تا ئێستا رێککەوتنەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەحمەد عەزیز، لە سەكۆی "ئێكس" نووسیویەتی، ئێمە بە قوڵی نیگەرانین لە دواکەوتنی بانکی بازرگانی عێراق لە دانانی ئامێری پارەدانی ئەلەكترۆنی لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵێک لەمەوبەر سەرۆکی بانکەکە بەڵێنی داوە (100) ئامێری نوێ بۆ پرۆگرامی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان (هەژماری من) دابین بکات.

راشیگەیاندووە، (TBI) زیاتر لە (40) هەزار داواکاری لە فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمەوە پێگەیشتووە، بەڵام بانکەکە هێشتا فەرمانی کڕینی دەرنەکردووەو، چاپکردنی کارت بۆ فەرمانبەرانی حکومی دواکەوتووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، فەرمانبەران چاوەڕوانی خزمەتگوزارییەكی باشتر لە بانکەکە دەکەن، بەوپێیەی بانکێكی پێشەنگی حکومییە لە عێراق، وتوشیەتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای فەرمی لە بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی دارایی لە بەغدا تۆمارکردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP