هەرێم نیوز
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێم ڕایگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیییەکی زۆری بە رێگاوبان داوە و تا ئێستا ٥٩٤ پڕۆژە جێبەجێ کراون، کە بودجەکەیان زیاتر لە ٩٥٤ ملیار دینارە و شەش رێگای دیکەی گرنگیش لە بواری جێبەجێکردندان.
د. ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا گرنگیی زۆر بە رێگاوبان دراوە و تا ئێستا بە گشتی ٥٩٤ پڕۆژەی رێگاوبان تەواو کراون و دوو ھەزار و ١٨٩ کیلۆمەتر رێگا کەوتووەتە خزمەت ھاووڵاتیانەوە، کە بودجەکەیان ٩٥٤ ملیار و ١٨٩ ملیۆن دینارە و ئێستاش شەش رێگای دیکە لە بواری جێبەجێکردندان، ئەوانیش بریتین لە رێگای دووسایدی ھەولێر بۆ کۆیە، کە تێچووەکەی ٥٦٠ ملیار دینارە و رێگای دووسایدی کەڵەک بۆ بەردەڕەش بودجەکەی ١٠٠ ملیار دینارە و رێگای باعەدرێ ئیتیت بە بڕی ١٣٤ ملیار دینار و هەروەها رێگای ئاکرێ بۆ قەندیل، کە تێچووەکەی نزیکەی ٣٠ملیار دینارە و رێگای کەلار بۆ دەربەندیخان بودجەکەی ١٣٦ ملیار دینارە و رێگای کۆڕێ بۆ شەقڵاوە بۆ قەندیل بودجەکەی ٩٥ ملیار دینارە، ئەمەش بودجەی ئەو پڕۆژانەیە، کە ئێستا پڕۆژەکان لە بواری جێبەجێکردندان.
د. ئاگرین دەشڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا گرنگیی زۆری بە پڕۆژەکانی رێگاوبان داوە و زۆرترین پڕۆژەش ئەنجام دراون و ژمارەیەک پڕۆژەش دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی، ئێستا خراونەتە خزمەت ھاووڵاتیانەوە، بۆیە تا ئێستا پڕۆژەی زۆر گرنگی رێگاوبان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دراون و بەردەوامیش پڕۆژەی تازە ئەنجام دەدرێن.