دواین هەواڵ

کوردستان‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنجامی سەرەتایی لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی ئێران بڵاوکرایەوە

هەرێم نیوز 

لیژنەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکارەکانی تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی شاری بەندەرعەباس، یەکەمین راپۆرتی خۆی و ئەنجامە سەرەتاییەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بنەماکانی سەلامەتی و خۆپارێزی لە بەندەرەکە رەچاو نەکراون.
 

بەپێی ڕاگەیەندراوی ناوەندی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی رووداوەکەی بەندەری رەجایی، دوای ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی پسپۆران و شارەزایان، گەیشتووەتە چەند ئەنجامێکی سەرەتایی و لە یەکەمین راپۆرتیدا ئەنجامەکانی ئاشکرا کرد.
 
راپۆرتەکە لە سێ خاڵ پێکدێت و ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکانی بەم شێوەیە راگەیاندووە:
 
یەکەم: کەموکورتی لە پابەندبوون بە بنەماکانی سەلامەتی و بەرگریی پاسیڤ هەبووە.
 
دووەم: لە هەندێک بارد زانیاریی هەڵە و پێچەوانە تۆمارکراوە و دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان بە جیدی هەوڵی ناسینەوەی سەرپێچیکاران دەدەن.
 
سێیەم: دیاریکردنی هۆکاری یەکلاکەرەوەی ئەم رووداوە پێویستی بە بەدواداچوونێکی تەواو و هەمەلایەنە لە هەموو رەهەندەکانییەوە هەیە، ئەمەش پێویستی بە  چەندین پرۆسەی تەکنیکی و تاقیگەیی هەیە. بەڵام هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بەبێ دواکەوتن پەیڕەو دەکرێت و بە زووترین کات بۆ رای گشتی رادەگەیێندرێت.
 
لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکارەکانی تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی هەروەها جەخت لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان دەکاتەوە و دەڵێت: "هاونیشتیمانییانی ئازیز دڵنیا دەکەینەوە کە بەبێ هیچ جۆرە چاوپۆشییەک مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا دەکرێت کە بووبنە هۆکاری ئەم رووداوە."
 
لە کۆتایی راگەیەنراوەکە داوا لە خەڵک و هەموو لایەنەکان کراوە، سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، تەنیا هەواڵ و زانیاری لە لیژنەکە وەربگیرێت کە محەممەد ئاشووری، پارێزگاری هورموزگان سەرپەڕشتی لیژنەکە دەکات.
 
رۆژی شەممە، 26ـی نیسانی 2025، لە بەندەری شەهید رەجایی سەر بە شاری بەندەر عەباس، ناوەندی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران تەقینەوەیەکی گەورە روویدا و دواتر ئاگرێکی گەورە لە بەندەرەکە کەوتەوە، کە تائێستاش کۆنترۆڵ نەکراوە.
 
رۆژی دووشەممە، 28ی نیسانی 2025، مێهرداد حەسەنزادە، بەرێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای هورموزگان رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە رووداوی تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی بەندەر عەباسدا گیانیان لەدەستداوە، بۆ 70 کەس بەرزبووەتەوە.
 
بە وتەی مێهرداد حەسەنزادە، جگە لەوانەی لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە، 1210 کەسیش برینداربوون. هەزار و 72 کەسیان دوای چارەسەرکردنیان لە نەخۆشخانە رەوانەی ماڵەوە کراون و ئێستا 138 بریندار لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP