هەرێم نیوز
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە تەندروستییدا، سنووری کارکردن نییە. کاتێک ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوودەدات، یاخود نەخۆشییەکی گوازراوە لە دوورترین وڵاتدا هەبێت، ئێمە لێرە ئامادەکاری بۆ دەکەین، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت هەرێمی کوردستان زۆر سەرکەوتوو بووە لە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسی ئۆفیسی عێراقی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، گوتی: ”بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کە لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێشکەش کراوە. هەرێمی کوردستان هەنگاوی یاسایی، کارگێڕی، بەدواداچوونی گشتی و پۆلێنی نەخۆش و بەرەنگاربوونەوەی پەتایەکانی بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەنجام داوە. “
د. سامان بەرزنجی گوتی: ”لە ڕووی خزمەتگوزاریی تەندروستییەوه تونیومانە نرخی دەرمان، پێشوازی و پۆلینی حاڵەتەکانی نەخۆش ئەنجام بدەین، ئێستاش لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاییدا، بەتایبەتی کۆرۆنا و پەتا وەرزییەکان، کوردستان یەکێک لە باشترین شوێنەکان بووە، کە ڕێژەی قوربانیی کەم بووه.“
ئاماژەی بەوەش دا، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوو یاسا بەفەرمی چووە بواری جیىەجێکردن، یاسای ئەرک و پاراستنی مافی نەخۆش لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لەگەڵ دەرچوونی شەش پەیڕەوە یاسا، هەروەها لەگەڵ 38 ڕێنمایی کە لە ڕۆژنەمای واقیە بڵاو بووەتەوە، بنەمای کارکردنە.
د. سامان بەرزنجی، ڕاشیگەیاند "تەواوکردن و ڕێکارییەکانی ئامادەکردنی بیمەی تەندروستیی، کە لە ئەنجوومەنی شوورا و وەزیران تەواو بووە، ئومێد دەخوازین لەگەڵ دەستبەکاربوونی پەرلەمان، یەکەم کاری ئەو یاسایە بێت کە ماوەی چەند ساڵێکە کاری تێدا کراوە و گونجاوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەم یاسایە ئامادەیە هیوادارین لە داهاتوودا بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە."
لەلایەن خۆشیەوە د. جەمیلە ڕابی، بەرپرسی نووسینگەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق گوتی: ”لەنزیکەوە چاودێریی دۆخی تەندروستیی عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی دەکەین و هەماهەنگیمان هەیە بۆ هەر بابەتێک، کە پەیوەستە بە خزمەتگوزاریی تەندروستیی هاووڵاتییانەوە. بەگشتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی جدیی ناوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و دواتریش پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی، ئەوەی زۆر جێگای دڵخۆشییە، ئاستی هۆشیاریی تەندروستییە لەلای هاووڵاتییان، کە لە ئاستێکی زۆر بەرز دایە، بۆیە ڕێکخراوەکەمان پشتیوانیی هەوڵەکانی کردووە و ئێستا خەڵکی کوردستان وەک هۆشیارترین کۆمەڵگەی هۆشیاریی تەندروستی ناویان چووەتە کتێبی گینس.“