دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

حەسەن نەسروڵا بە مردویش کێشە بۆ لوبنان دەنێتەوە

حەسەن نەسروڵا سێیەم ئەمینداری گشتى حزبوڵای لوبنان لە 27ـى سێبتەمبەرى ساڵی 2024 لە لایەن هێزەکانى ئیسرائیلەوە لە باشوورى لوبنان هێرشیکرایە سەر و کوژرا،  بەگوێرەى سەرچاوەکان نەسروڵا لە 16ـى شوباتى ساڵی 1992ـەوە لە کاتێکدا کە تەمەنى 32 ساڵ بووە بووەتە ئەمینداری ئەو پارتە توندڕەوە ئیسلامییە شیعییە لوبنانییە و تا رۆژى کوژرانەکەى لەو پۆستەدا ماوەتەوە کە دەکاتە 32 ساڵی تەواو.

هەرچەندە حزبوڵاى لوبنان چالاکییەکانى لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا کردووە و جەماوەرێکى زۆری لەخۆی کۆکردووەتەوە، بەڵام بە شا باڵی ئێران زانراوە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و زۆر جاریش ئەوە پەیوەندییە بە نهێنى نەماوەتەوە و بە شێوازی جۆراوجۆر لە هەردوو لاوە باسکراوە، حزبوڵا نەک هەر رۆڵی چەکداریی لەو وڵاتەدا گێڕاوە بەڵکو رۆڵی مەدەنى و حکومەتداریی و پەرلەمانى و رێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنیشى هەبووە، بەڵام ئەوەندەى کارە سەربازییەکانى لە دژى سیاسەتەکانى ئیسرائیل بەرچاو کەوتوون ئەوەندە بوارەکانى دیکە نەکەوتووەتە بەر دیدەى خەڵک.

لەپاش سەرهەڵدانى جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس و پەلکێشانى بۆ لوبنان ، شەڕ بەرۆکی ئەو وڵاتەى گرت و لە ئەنجامدا بەشێکى زۆر لە خاکی ئەو وڵاتەش بەرهێرشەکان کەوتن، لەو کاتەوە تا ئێستاش کاردانەوەکان جۆراوجۆران، لە کۆتا لێکەوتەدا راپۆرتێکى تەلەفزیۆنییە کە بووەتە ترێندى سۆشیاڵ میدیا و میدیاکانى ئەو وڵاتە.

راپۆرتێکى تەلەفزیۆنى کەناڵی – الجدید- ـى لوبنانى سەرنجی زۆرینەى خەڵکی لوبنانى بۆ خۆی راکێشاوە کە تیایدا ئاماژە بە گۆڕەکەى حەسەن نەسروڵاى ئەمینداریی گشتى حزبوڵاى لوبنان کردووە و تیایدا هاتووە ، نەسروڵا هەر بە زیندوویی کێشە نەبوو بۆ لوبنان و لوبنانییەکان بەڵکو بە مردویش خەریکە دەبێتە کێشە، بەگوێرەى راپۆرتى تەلەفزیۆنە لوبنانییەکە گڵکۆى نەسروڵا بووەتە مەکۆی کۆبوونەوەى حزبوڵاییەکان و بە دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە ئەوە لەکاتێکدا بەشێکى زۆر لە لایەنگران و ئەندامانى ئەو رێکخراوە شوێنێکیان نییە تێیدا نیشتەجێبن و بەهۆی هێرشەکانى ئیسرائیلەوە بێ ماڵوحاڵ بوون و کەسیش لێیان ناپرسێتەوە و ئەوەش نیگەرانى دروستکردووە، رۆژنامەى عەرەبى لەندەنى ئاماژەى بە راپۆرتە تەلەفزیۆنییەکە کردووە حزبوڵا دەیەوێت لە رێگەى ئەو گڵکۆیەوە پەرە بە لایەنگرانى خۆی بدات و بیکاتە سەکۆی کۆبوونەوەى سیاسی و جەماوەریی خۆیان و دەیان ملیۆن دۆلاری تێچووە کە لە لایەن ئێرانەوە دابینکراوە، لە کاردانەوەى ئەو راپۆرتەدا لەنێو سۆشیاڵ میدیاى لوبناندا بەشێکى زۆر لە هاووڵاتیان رەخنەى جۆراوجۆریان لەوکارە گرتووە و پێیان وایە وێنەکانى سەرگڵکۆکە و کۆبوونەوەى بەردەوامى خەڵک نیشاندەری ئەو راستییەن کە هێشتا ئێران نایەوێت دەستبەرداریی لوبنان ببێت و هەندێکى دیکەش باوەڕیان وایە دەستنیشانکردنیەتى بۆ هێرشکردنە سەرى لە لایەن ئیسرائیلەوە لە داهاتوودا. میدیاکانى حزبوڵاش بڵاویانکردوە ئەو راپۆرتەى الجدید هیچ راستییەکیان تێدا نییە و تەنها بەئامانجگرتن و لێدانە لە حزبوڵا و هیچى تر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP