دواین هەواڵ

جیهان‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

حوسییەکان: ئەمریکا بەشداری شەڕی ئێران و ئیسرائیل بکات بۆردوومانی کەشتییەکانی دەکەین

هەرێم نیوز

یەحیا سەریع، وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند: ئەگەر ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل بەشداری بکات لە هێرشکردنە سەر ئێران، ئێمە کەشتی بازرگانی و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دەریای سووردا دەکەینە ئامانج.

دەشڵێت: ئیسرائیل بە دوای هەژموونی تەواوەتی لە ناوچەکەدا دەگەڕێت و بە پشتیوانی و بەشداریی ئاشکرای ئەمریکا پلانەکانی جێبەجێ دەکات و هەوڵی نەهێشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران دەدات، چونکە کۆماری ئیسلامی ئێران بە گەورەترین بەربەست لە بەردەم گەیشتن بە پلانەکەی دەزانێت. بۆیە هەر هێرش و دەستدرێژییەکی ئەمریکی کە پشتیوانی لە دوژمنی ئیسرائیل بکات لە دژی ئێران لە چوارچێوەی ئەم ئامانجەدایە.

جێی ئاماژەیە، پێشتر حوسییەکان لە دەریای سوور هێرشیان دەکردە سەر کەشتییە ئەمریکییەکان و وڵاتانی دیکە و وەک خۆیان دەڵێت بە ئامانجی پشتگیری بووە لە گەلی فەڵەستین، دواتر و پاش هێرشە چڕەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانیان، لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتن و هێرشیان بۆ سەر کەشتی ئەمریکی ڕاگرت.

ئەگەرچی ئەو ڕێککەوتنە ڕاگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیلی نەگرتەوە و چەندین جار بۆردوومانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گۆریۆن لە ئیسرائیلیان دەکرد.

لە ئێستاشدا هەڕەشە لە ئەمریکا دەکەنەوە، بەوپێیەی بە باڵێکی نزیکی ئێران دادەرێت لە ناوچەکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP