هەرێم نیوز
بەیانی ئەمڕۆ، سوپای پاسداران، دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر سێ پێگەی ئەتۆمی لە ئێران، دەیان موشەکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد.
خزمەتگوزاری فریاکەوتنی پزیشکی ئیسرائیل رایگەیاند: تیمەکانیان گەیشتوونەتە (١٠) ناوچە، كە بەهۆی هێرشی ئێرانەوە زیانیان پێگەیشتووەو (١٨) کەس بریندار بوون.
بەگوێرەی میدیا عەرەبییەکان، موشەکەکان ناوچەكانی تەلئەبیب و حەیفایان کردووەتە ئامانج .
هاوكات ئاژانسی "فارس" بڵاویكردەوە: شەپۆلی بیستەمی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆ 3" بە تاکتیکی نوێ ئەنجامدراوە، بە بەکارهێنانی تێکەڵەیەک لە موشەکی بالیستی دوور مەودا، کە بە سوتەمەنی شل و ڕەق کاردەکەن، لەگەڵ كڵاوەی جەنگی وێرانکەر كە توانای پێشکەوتوو هەیە لە تێپەڕاندنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی دوژمن.
وتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاندووە، ئەو شوێنانەی بەیانی ئەمڕۆ كراونەتە ئامانج ئەمانە بوون:
⦁ فڕۆکەخانەی بن گوریۆن
⦁ ناوەندی توێژینەوەی بایۆلۆجی قەوارەی زایۆنی
⦁ بنکەكانی پاڵپشتی و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی دوژمن لە ئاستە جیاجیاکان.