دواین هەواڵ

عێراق‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆمسیۆن: ڕێگری لە کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان دەکەین

هەرێم نیوز

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەینێت، کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان هەنگاوێکی بێ سوودە، چونکە هەر دەنگدەرێک بیەوێت دەنگ بدات، دەبێت خودی خۆی ئامادە بێت، لەڕێگەی پەنجەمۆر و وێنەی سەر کارتەکەشی دڵنیا دەبنەوە کە دەنگدەر  هەمان خاوەن کارتی ڕاستەقینەیە، دواتریش بە کامێرای چاودێریی دڵنیا دەبنەوە کە پرۆسەکە پاک و بێگەردبووە و یاخود نا.

موهەنەد سەراف، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ڕۆژنامەی فەرمی (سەباح)ـی ڕاگەیاند: خاوەن کارتی دەنگدان ڕۆژی هەڵبژاردن دەبێت خۆی لە بنکەی دەنگدان ئامادە بێت و دوای دڵنیابوونەوە لە وێنە و پەنجەمۆریشی ئینجا دەتوانێت دەنگ بدات، لەم پرۆسەیەشدا کامێرای چاودێری لە وێستگەکان هەیە و دیسان ئەوەش بۆ دڵنیابوونەوەیە لە پاک و بێگەردی پرۆسەکە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تا ئێستا هیچ سکاڵایەکی تایبەت بە کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدانیان بەدەستنەگەیشتووە، بەڵام کارێکی لەوشێوەیە دەچێتە چوارچێوەی تاوانی هەڵبژاردنەوە و هەر کاندید، حزب و هاوپەیمانێتییەک بە بەڵگەوە بسەلمێنرێت ئەو کارەی کردووە، لە پرۆسەی هەڵبژاردن دووردەخرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە 11ی11ی2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش بەردەوامە لە ڕێکارەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP