هەرێم نیوز
سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، پرۆسەكە وەك ئەوەی ویستمان بەڕێوەدەچێت و چەكە كۆكراوەكانی پەكەكە دەسوتێنرێن، دەشڵێت، چوارشەممەی داهاتوو لەگەڵ دەم پارتی كۆدەبمەوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "یەنی شەفەق" توركی: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەمیانی دیدارێكی لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی دادو گەشەپێدان، زانیاری گرنگی لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری ئاشكراكردووەو رایگەیاندووە: بەم نزیکانە لیژنەیەکی تایبەت لەسەر ئەو پرسە لە پەرلەمان پێکدەهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە: پرۆسەکە بەو شێوەیە دەڕوات كە ئێمە ویستمان و هیچ کێشەیەک نییە، راپۆرتە مەیدانییەکانیش جەخت لەمە دەكەنەوە.
وتوشیەتی: رۆژی چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو لەگەڵ شاندی دەم پارتی كۆدەبمەوە، ئەوەی ئێمە باسمان کرد بەدەست هاتووە و، باس لەوە دەکەین کە ئایا جێبەجێ دەکرێت یان نا.
ئەردۆغان رونیشیکردەووتەوە: چەکە کۆکراوەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان ئامادەکراوەو، بەم نزیکانە وێنەی داماڵینی چەک بڵاودەکرێتەوە، ئەو چەکانەی کە بڕیارە رادەستبکرێن، بە ئامێری کارەبایی دەسوتێنرێن و لەناودەبرێن.