دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

لە سوریا چی ڕوودەدات و شەڕ و گرژییەکان لە سوەیدا چۆن سەریهەڵدا؟

هەرێم نیوز

دوو ڕۆژە لە ناوچەیەکی سوەیدا لە سوریا شەڕ و پێکدادانە لە نێوان چەکدارانی دروزی و چەکدارانی عەشیرەتی سوننی لە ناوچەکە، حکومەتی کاتیی سوریا هێزی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە و هاوکاتیش دوو ڕۆژە ئیسرائیل بۆردوومانی هێزی حکومەتی سوریا دەکات و دەڵێت پشتگیری لە دروزەکان دەکەین.

دوای دوو ڕۆژ لە شەڕی خوێناوی کە نزیکەی 100 کەس گیانیان لە دەست دا، حکومەتی سوریا یاسای سەربازی لە شاری سوەیدا کە زۆرینەی خەڵکی دروزەکانن، یاسای سەربازی ڕاگەیاند. سەرکردە ئاینییەکانی دروزەکانیش، بە هاتنە ناوەوەی هێزە چەکدارەکانی ژێر فەرماندەیی حکومەتی دیمەشق بۆ ناوچەکە ڕازی بوون و ڕێککەوتوون.

وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی حکومەت چوونەتە ناو سوەیدا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕە کوشندەکانی نێوان "دانیشتوانی چەکدار ناوچەکە و هۆزە سونییەکان".

ئەحمەد دەلاتی، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سوەیدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "هێزەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی چوونە ناو سەنتەری شاری سویدە کردووە".

سەرکردە ئاینییەکانی دروزییەکان لە بەیاننامەیەکدا لەسەر هاتنە ناوەوەی هێزەکانی حکومەت بۆ ناو سوەیدا ڕازی بوون. داواشیان لە گروپە چەکدارەکان کرد هاوکاری هێزەکانی حکومەت بکەن و خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیان بەدوور بگرن و چەکەکانیان ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆ بکەن.

ئیسرائیل بۆ پشتگیری لە دروزەکان بۆردوومانی هێزی حکومەتی کاتیی سوریا دەکات

دوێنێ سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بە مەبەستی ناردنی "پەیامێکی ئاشکرا و هۆشدارییەکی ڕوون بۆ ڕژێمی سوریا"، چەندین تانکیان لە نزیک گوندی سەمیع لە ناوچەی سویدە کردووەتە ئامانج.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: ڕێگە نادەین هیچ زیانێک بەسەر دروزەکانی سوریادا بکەوێت.

ئەمڕۆ سێشەممەش ئیسرائیل بۆ ڕۆژی دووەم هێرشی کردە سەر هێزەکانی حکومەتی سوریا لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەی و بەڵێنیدا ناوچەکە بە مەدەنی بهێڵێتەوە و کەمینەی دروزەکان بپارێزێت، لە کاتێکدا شەڕ و پێکدادانی کوشندە لەو ناوچەیە لەسەر سنووری ئیسرائیل بەردەوامە.

ئیسرائیل پێشتر بەڵێنی دابوو کە پشتیوانی لە ئەندامانی کۆمەڵگەی دروزەکانی سوریا بکات، بەڵام پێدەچێت ئەم هێرشە یەکێک بێت لەو حاڵەتە دەگمەنانەی کە ئیسرائیل هێزە سەربازییەکانی حکومەتی نوێی سوریا دەکاتە ئامانج.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئەلعەرەبییە، ئەسعەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتی سوریا وتی، هەڵگرتنی چەک تەنها ئەرکی حکومەتە و دەشڵێت: هیچ کەسێک بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆمان بکات.

هەروەها ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاتیی سوریا وتی، نەبوونی دامودەزگاکانی حکومەت، بەتایبەتی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامی گرژییەکانی سوەیدا و ناوچەکانی دەوروبەر.

شەڕەکە چۆن و لەکوێوە سەریهەڵدا؟

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری شایەتحاڵەکانەوە ڕایگەیاندووە، پێکدادانەکان دوای شەپۆلێکی ڕفاندن دەستیپێکردووە، لەنێویاندا ڕفاندنی بازرگانێکی دروز لە ماوەی ڕابردووڕا لەسەر ڕێگای دیمەشق-سوەیدا.

شایەتحاڵەکان باسیان لەوە کرد کە گروپە چەکدارەکانی سوننە هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی دروز لە پەراوێزی باکور و ڕۆژئاوای سوەیدا.

تا ئێستا لانیکەم 100 کەس لە شەڕەکاندا کوژراون.

وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند، 18 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە کە بۆ هێورکردنەوەی شەڕەکە ڕەوانەی سوەیدا کرابوون، لە کاتی هێرشی گروپە چەکدارەکاندا کوژراون.

حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگەیاند، لە کاتی هێرشی گروپە "دەرەوەی یاساکان" بۆ سەر پێگە سەربازییەکان، ژمارەیەک لە هێزەکانی سوپا برینداربوون و ژمارەیەکیشیان ڕفێندراون.

وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند، ئەو گروپانە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە هێرشیان کردووەتە سەر چەند یەکەیەکی سەربازی و سوپاش وەڵامیان داوەتەوە.

شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان چەکدارانی عەشیرەتە سونییەکان و میلیشیاکانی دروز بە شێوەیەکی سەرەکی لە گەڕەکی مەقووس لە ڕۆژهەڵاتی سوەیدا ڕوویداوە.

میلیشیا عەرەبییە سوننەکان کە لە شەڕی ناوخۆدا شەڕیان لە دژی بەشار ئەسەد کرد، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ڕێککەوتن لەسەر هەڵوەشاندنەوە و پەیوەستبوون بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی نوێی کاتیی سوریا، بەڵام هەوڵەکان بۆ یەکخستنی گروپە چەکدارەکانی سەر بە کەمینەکانی سوریا، تاڕادەیەکی زۆر شکستی هێناوە.

ئەم پرۆسەیە لە باشووری سوریا زیاتر ئاڵۆز بووە، بەتایبەتی بەهۆی سیاسەتی فەرمی ئیسرائیلەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیلی چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئامانجی سەرەکییان داماڵینی تەواوەتی ناوچەی باشووری سووریایە، بە سوەیدا و پارێزگاکانی دەوروبەرییەوە، هەروەها ڕێگە نادەن هیچ گرووپێکی چەکدار بە هێزەکانی حکومەتی سووریاشەوە خۆیان لەو ناوچەیە جێگیر بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP