هەرێم نیوز
یاسر ئەبو شەباب کەسایەتییەکی فەلەستینییە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا دوای ئەوەی سەرکردایەتی گروپێکی چەکداری ئۆپۆزسیۆنی حەماسی کرد لە شاری ڕەفەح، لە باشووری کەرتی غەززە، ناوبانگی بەدەستهێنا. لەم دواییانەدا بەتایبەتی دوای ئەوەی ئاشکرا بوو کە پشتگیری لە ئیسرائیل وەرگرتووە، مشتومڕێکی زۆری دروستکرد.
ئەبو شەباب بۆ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بابەتێکی نووسیوە و تێیدا ئامانجەکانی گروپە چەکدارەکەی و دیدگای خۆی بۆ داهاتووی غەززە و ئەو ڕۆڵەی کە دەتوانێت بیگێڕێت لە دابینکردنی بەدیلێک بۆ حەماس لە کەرتی غەززە ڕوون دەکاتەوە.
یاسر ئەبو شەباب لە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا ئامانجەکانی گروپە چەکدارەکەی ڕوونکردووەتەوە کە لە کەرتی غەززە کاردەکەن. دۆخی گشتی کەرتی غەززەی بەراورد کرد بە دۆخی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گروپەکەی. لە کۆتایی نووسینەکەیدا داوای لە ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی کرد کە دان بە دەوڵەتی فەلەستین لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا بنێن.
یاسر ئەبو شەباب لە چەند مانگی ڕابردوودا لە کەرتی غەززە وەک سەرۆکی گروپێکی چەکداری دژ بە حەماس کە لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتیوانی دەکرێت، دەرکەوت. گروپەکەی کە خۆیان بە "هێزی خەڵکی" ناودەبەن، ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەفەحی باشووری کەرتی غەززەیان کۆنترۆڵکردووە.
ئەبو شەباب دەڵێت، بۆ هەزاران فەلەستینی دانیشتووی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح، کە گروپەکەی خاکەکەی کۆنترۆڵکردووە، "جەنگەکە لە ئێستاوە کۆتایی هاتووە" و بانگەشەی ئەوە دەکات کە گروپە چەکدارەکەی "دەستیان بەسەر هەزاران کیلۆمەتر چوارگۆشەدا گرتووە لە خاکی سەر بە هۆزە بەدەوینەکانی خۆی، تەرابین، لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح".
ئەبو شەباب دووپاتی دەکاتەوە کە گروپە چەکدارەکەی "بزووتنەوەیەکی ئایدیۆلۆژی نییە، بەڵکو بزووتنەوەیەکی پراگماتیکە کە ئامانجی سەرەکییان دوورخستنەوەی ئەو فەلەستینیانەیە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە حەماسەوە نییە لە بڵێسەی شەڕ".
ئەبو شەباب بە وردی باسی بارودۆخی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی گروپەکەی دەکات و دەڵێت، چیتر زیانی گیانی لە هێرشە ئاسمانییەکان نییە، نە "نۆرەگرتنی ئاژاوەگێڕانە " بۆ وەرگرتنی یارمەتی، نە فەرمانی چۆڵکردن، نە چیتر "منداڵانێک کە وەک قەڵغانی مرۆیی لەلایەن حەماسەوە بەکاردەهێنرێن"، هەروەها خەڵک "شەوانە بەبێ ترس لە مردن دەخەون".
ئەبو شەباب لە وتارەکەیدا داوا دەکات ئەم ئەزموونە بۆ باقی کەرتی غەززە درێژ بکرێتەوە. ئەو دەڵێت نابێت ئەم دۆخە تەنیا لە ڕەفەحی ڕۆژهەڵات بێت، بەڵکو دەبێت "مۆدێلێک" بێت بۆ تەواوی کەرتی غەززە. دەشڵێت: “زۆرینەی خەڵکی غەززیان حەماس ڕەتدەکەنەوە و نایانەوێت دوای تەواوبوونی شەڕ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە”. ئەوەی ڕێگری دەکات لە دەربڕینی "توڕەیی ڕاستەقینەی غەزەکان بەرامبەر حەماس"، نەبوونی بەدیلێکی کردەییە. ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە حەماس کۆنترۆڵی گەیاندنی یارمەتییەکان دەکات و زاڵن بەسەر دامەزراوەکانی وەک UNRWA. ئەو ئەزموونی ڕەفەحی ڕۆژهەڵات وەک "تاکە دەرفەت بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەک کە توندوتیژی ڕەت بکاتەوە و پابەند بێت بە عەقڵەوە" دەخاتە ڕوو.
ئەبو شەباب دەشڵێت گروپەکەی لە چەند بنەماڵەیەکەوە داوای گواستنەوەیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح پێگەیشتووە و ئامادەن دەست بەسەر باقی شاری ڕەفعەدا بگرن. ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە بەو مانایەیە کە نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی کەرتی غەززە "لە دەرەوەی ناوچەی شەڕ" دەبن.
ئەبو شەباب لە درێژەدا دیدگای خۆی بۆ داهاتوو ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت گروپە چەکدارەکەی دەتوانێت "زۆربەی غەززە لە ناوچەی جەنگەوە بگۆڕێت بۆ کۆمەڵگەی کارا لە ماوەیەکی کورتدا." کاتێک قۆناغی ئاوەدانکردنەوە دەست پێدەکات، حەماس دەتوانێت دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل بکات بۆ ئازادکردنی بارمتەکان "لە بەرامبەر تێپەڕینێکی سەلامەت بەناو غەززەدا، چونکە غەزەییەکان نایانەوێت حەماس لەنێوانیاندا بمێنێتەوە." بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ بەدیهێنانی دیدگای خۆی، "پشتیوانی دارایی زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی حەماس، هاوکاری مرۆیی بۆ دابینکردنی پێداویستییە دەستبەجێیەکانی خەڵک بۆ خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوون، و دامەزراندنی دەروازەی سەلامەت بۆ هاتوچۆکردنی خەڵک."
ئەبو شەباب، "بە ناوی زۆرینەی خەڵکی غەززەوە"، داوا لە ئەمریکا و دەوڵەتانی عەرەبی دەکات کە بە فەرمی دان بە دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینیدا بنێن لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا. ئەو دەڵێت داهاتووی غەززە لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەحەوە دەبینێت، "کە خێزانەکان بە ئارامی دەخەون"، پرسیاریش دەکات کە ئایا جیهان پشتگیری لە دیدگای ئەو دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە دوور لە "ئایدۆلۆژیای توندوتیژی و تیرۆر".