هەرێم نیوز
دادگای باڵای فەڕەنسا فەرمانی دەستگیرکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریای هەڵوەشاندەوە و دەڵێت، ناکرێت پارێزبەندی هیچ سەرۆکێک لاببرێت.
دادگاكە لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا رایگەیاند، ئەو بڕیارەی كە پێشتر بۆ دەستگیر كردنی ئەسەد دەرچووە لەسەر بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە 2013دا، نادروستە.
کریستۆف سۆلار، سەرۆکی بەرزترین دەستەی دادوەریی فرەنسا، لە کۆتایی دانیشتنێکی ئاشکرادا کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشکرا ڕایگەیاند، "بەو پێیەی بەشار ئەسەد دوای لەسەرکارلابردنی لە 12ی 2024ـەوە چیتر سەرۆک نییە، 'ئەگەری هەیە فەرمانی دەستگیرکردنی نوێی بۆ دەربچێت' لەسەر دۆسیەکانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی، و بەم هۆیەشەوە ئەگەری بەردەوامیدان بە لێکۆڵینەوەی دادوەری لە دژی هەیە".
لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023دا، دادگاكانی فەرەنسا فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ بەشار ئەسەد دەركرد بە تۆمەتی هاوبەشی لە تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەكانی جەنگ و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دژی خەڵكی بێتاوان كە بەهۆیەوە هەزار كەس گیانیانلەدەستدا.
دۆسیەی دادگا فەرەنسیەكە تایبەتە بە هێرشەكانی ڕۆژانی چوار و پێنجی ئابی 2013 و 21ی ئاب لە عەدرا و دوما لە نزیك دیمەشق و شارۆچكەی غوتەی ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا كە تیایدا ئەسەد و سوپاكەی تۆمەتبار دەكات بە هاوبەشی لە تاوانەكانی جەنگ و تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی سوریا لەوكاتەدا ڕەتیانكردەوە پەیوەندییان بە هێرشەكانەوە هەبێت و یاخیبووانیان بە تاوانبار زانی.