هەرێم نیوز
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، حەماس ئامادە نییە لەسەر ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان بگەنە ڕێککەوتن، وتیشی پێی وایە حەماس لە ناودەچێت
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفڕاسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حەماس نایەوێت لە غەززە بگەینە رێککەوتن، هەروەها ئامادە نییە بارمتەکان ئازاد بکات.
وتیشی، لێدوانەکەی سەرۆکی فەرەنسا کە وتی بە نیازە دان بە دەوڵەتی فەلەستین بنێت، ئەوە شتێکی بێ مانایە و هیچ بەهایەکی نییە.
ترەمپ سەبارەت بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە ئاماژەی بەوەکرد، قسە لەگەڵ ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکەم و چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە دەدۆزمەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، حەماس نایەوێت ئاگربەست لە کەرتی غەززە ئەنجام بدرێت، بۆ پێویستە کۆتاییان پێ بهێنرێت، ئەمەش کارێکی مەترسیدارە.
ئەم لێدوانانە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند کە ئیدارەی ئەمەریکا بڕیاریداوە تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەی بانگهێشت بکاتەوە بۆ ڕاوێژکاری دوای پێشکەشکردنی دوایین پێشنیارەکانی حەماس.
ویتکۆف لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، وەڵامی حەماس بۆ دوایین پێشنیار "ئامادەیی خۆی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست نیشاندەدات"، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەو هەوڵە زۆرانەی کە لەلایەن نێوەندگرانەوە دراوە، پێناچێت حەماس بە نیەتێکی باشەوە بێت
لەبەرامبەردا حەماس سەرسوڕمانی خۆی لە لێدوانەکانی ویتکۆف دەربڕی و جەختی لەسەر پەرۆشی خۆی بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنێک کردەوە.