هەرێم نیوز
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگاتە کەرتی غەززە و پێداچوونەوە بە دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بکات.
ئەم گەشتەی نێردەی ئەمریکا دوای ڕۆژێک دێت کە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە.
ویتکۆف ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ نەتانیاهۆ قسەی کردووە سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی قەیرانی مرۆیی لە غەززە. هاوکات ویتکۆف بەرپرسیارە لە مامەڵەکردنی واشنتۆن لەگەڵ پرسەکانی غەززە و هەروەها دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
چوونی ویتکۆف بۆ غەززە لە کاتێکدایە بەهۆی قەیران و برسێتییەوە لە غەززە، ئیسرائیل لە ژێر فشاری قورسی نێودەوڵەتیدایە بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە و گەیاندنی یارمەتی مرۆیی زیاتر بۆ هاوڵاتییانی غەززە.
لای خۆیەوە ترەمپ پاش گەیشتنی ویتکۆف بۆ ئیسرائیل ڕایگەیاند: خێراترین ڕێگە بۆ کۆتایی هاتن بە شەڕەکە ئەوەیە حەماس چەکەکانی ڕادەست بکات و بارمتەکان ئازاد بکات. تا ئێستا حەماس بە داواکاری ڕادەستکردنی ڕازی نەبووە.