هەرێم نیوز
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەرگری لە بڕیارەکەی کردەوە کە تێیدا دەیەوێت بەتەواوەتی دەست بەسەر غەززەدا بگرێت و ئاوارەکردنی ملیۆنێک فەلەستینیشی بەدوایدا دێت.
ناتانیاهۆ پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە نزیکەی دوو ساڵ لە شەڕ. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەوەی ڕەتیدەکاتەوە حەماس چەکدانێت، حکومەتەکەی هیچ بژاردەیەکی لەبەردەمدا نەماوە.
ناتانیاهۆ وتی ئامانجی ئۆپراسیۆنی سەربازییەکەی "داگیرکردنی غەززە نییە بەڵکو ئازادکردنی غەززەیە". نەتانیاهۆ وتی ئیسرائیل "هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە تەواوکردنی کارەکە" و "شکستپێهێنانی حەماس".
وتی حەماس هێشتا "هەزاران تیرۆریستی چەکدار"ی لە غەززە هەیە و ئامانجیان "لەناوبردنی" دەوڵەتی ئیسرائیلە.
هاوکات ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی پلانی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە غەززە.
پلانی کابینەی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی شەڕی غەززە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچەیە، ڕووبەڕووی دژایەتی و ڕەخنەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بووەتەوە و بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا و چەند وڵاتێکی دیکە بڕیارەکەی ئیسرائیلیان سەرکۆنە کردووە.
ئەڵمانیاش ڕایگەیاندووە کە هەناردەکردنی چەک و کەرەستەی سەربازی خۆی بۆ ئیسرائیل ڕادەگرێت وەک وەڵامێک بۆ ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل.