هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی لوبنان بە توندی ئیدانەی لێدوانەکانی عەلی ئەکبەر ویلایتی، ڕاوێژکاری خامنەیی کرد و بە "دەستوەردانێکی ئاشکرا و قبوڵنەکراو لە کاروباری ناوخۆی لوبنان" ناوی برد.
ڕاوێژکارەکەی خامنەیی دوێنێ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ڕایگەیاندبوو کە “کۆماری ئیسلامی ئێران بە دڵنیاییەوە دژی چەکداماڵینی حیزبوڵڵایە”.
وتیشی: ئەمریکا و ئیسرائیل پێیان وایە دەتوانن جۆلانییەکی دیکە لە لوبنان بگەیەننە دەسەڵات، بەڵام ئەم خەونە هەرگیز نایەتە دی.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی لوبناندا هاتووە: “ئەمە یەکەم دەستوەردانی لەم جۆرە نییە، بەشێک لە بەرپرسانی باڵای ئێران چەندین جار سنووری خۆیان تێپەڕاندووە بە دەربڕینی لێدوانی بێ بنەما سەبارەت بە بڕیارە ناوخۆییەکانی لوبنان کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نییە”.
لە بەیاننامەکەدا، حکومەتی لوبنان ئەوە بە بیری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەهێنێتەوە کە سەرنجیان لەسەر پرسەکانی گەلی ئێران بێت و “لەبری دەستوەردان لەو بابەتانەی کە پەیوەندییان پێوە نییە، چارەسەری کێشەکانی گەلی خۆیان بکەن و چارەسەری پێداویستییەکانیان بکەن”.
حیزبوڵڵا گەورەترین گرووپی چەکداری لە نێو گرووپەکانی بەناو "میحوەری مقاوەمەیە" و هەمیشە بەهرەمەند بووە لە پشتیوانی تەواوی حکومەتی ئێران. بەڵام زۆرێک پێیان وایە دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا بارودۆخی حیزبوڵڵا نەک هەر لەڕووی سەربازییەوە زۆر لاوازتر بووە، بەڵکو ئەو گرووپە هەمان دەسەڵات و نفوزی پێشوویان نییە.
لە چوارچێوەی ئاگربەستی پاییزی ڕابردوودا، کە دوای زیاتر لە ساڵێک شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، تەنیا ڕێگە بە دامودەزگاکانی حکومەتی لوبنان درا کە چەکدار بکرێن. حکومەت داوای لە سوپا کرد تا کۆتایی مانگی ئاب پلانێک بۆ داماڵینی چەک لە سەرجەم گروپە نادەوڵەتیەکان بخاتەڕوو.
بەرپرسانی ئێران بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ داماڵینی چەک لە حزبوڵڵا دەربڕیوە و ئەمەش وەڵامی حکومەتی لوبنانی لێکەوتەوە.