دواین هەواڵ

جیهان‌

 19 کاتژمێر پێش ئێستا

بنیامین ناتانیاهۆ بۆ گەلی ئێران: ئێستا کاتی خەبات بۆ ئازادییە

هەرێم نیوز

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ ئێرانییەکان، بە ئاماژەدان بە قەیرانی ئاوی ئێران، وتی: ئێوە ڕۆڵەی کوروشی مەزنن، ئێستا کاتی خەباتکردنە بۆ ئازادی، ئەگەر بتانەوێت، ئێرانێکی ئازاد خەون نییە، ئێوە تەنیا نین؛ من لەگەڵتانم.

ناتانیاهۆ بە ڕەخنە لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەشڵێت: سەرکردەکانتان شەڕێکی 12 ڕۆژەیان بەسەر ئێمەدا سەپاند و زیانێکی زۆریان بەرکەوت، ئەوان هەمیشە درۆ دەکەن.

ئاماژەشی بە قسەکانی مەسعوود پزیشکیان کرد کە گوتبووی "کێشەی ئاو و کارەبا و پارە و هەڵاوسانمان هەیە" و وتی: "هەموو شتێک بەرەو داڕمان دەڕوات. لەم هاوینە سووتێنەرەدا تەنانەت ئاوی پاک و فێنک و ساردیشتان بۆ منداڵەکانتان نییە. ئەمە ئەوپەڕی دووڕوویی و بێڕێزیکردنە بە گەلی ئێران. ئێوە شایەنی ئەم دۆخە نین".

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە پێشکەوتنەکانی ئیسرائیل کرد لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و وتی: تینوێتی ئاو لە ئێراندا تەنیا تینووی ئازادی هاوتا دەبێت، مژدەی خۆش ئەوەیە کە هەر کە ئێران ڕزگار کرا، پسپۆرانی باڵای ئاوی ئیسرائیل بە پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیا و زانیاری دێنە سەر هەموو شارەکانی ئێران، و ئێمەش هاوکاری ئێران دەدەین بۆ پرسی ئاو.

 

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە چاوەڕوان دەکرێت بەزوویی جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەستپێبکاتەوە، بەوپێیەی جەنگی 12 ڕۆژە کۆتایی نەهاتووە و تەنیا بەشێوەی کاتی ڕاگیراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP