دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

دوژمنی ژیر لە دۆستی نەزان باشترە

 د.ماکۆک محەمەد 

سەرقاڵی بەنجکردنی چاوی نەخۆشێک بووم، دکتۆرێک “کە موسڵمان نیە” هاتە تەنیشتمەوە و وتی: پێش ئەوەی چاوەکە بەنج بکەیت بڵێ بسم الله ! سەرەتا وامزانی گاڵتە ئەکات، بەڵام کە زانیم بەڕاستێتی، وتم: یەکەم نەخۆش بسم الله ئەکەم، ئیتر پێویست ناکات بۆ ئەوانی تر دووبارەی بکەمەوە. وتی: بەڵام واباشترە بۆ هەموو نەخۆشێک دووبارەی بکەیتەوە ؟ وتم: بۆچی؟ وتی: زۆرینەی میللەتی ئێمە موسڵمانن، نەشتەرگەریش دۆخێکی مەترسیدارە، دڵەڕاوکێ بۆ نەخۆش دروست دەکات، بە وتنی (بسم الله)، نەخۆشەکە دەروونی ئارامتر دەبێت و زیاتر متمانەش بە دکتۆرەکە دەکات. … پێشینان وتویانە: دوژمنی ژیر لە دۆستی نەزان باشترە. بێگومان غەیرەدینی ژیریش لە هاودینی نەزان باشترە. … ئاساییە تۆ لەسەر هەر ئاینێک بیت و ئاینەکانی تر بەڕاست نەزانیت، ئەمە مافی خۆتە، بەڵام ئەوەی ئەرکی تۆیە پیشاندانی ڕووە جوانەکانی ئاینەکەی خۆتە، نەک سوکایەتی بەوانی تر.

لەسەر هەر ڕێباز و حزب و ئاینێک بیت، ئەگەر سوکایەتی بە کەسانی بیروباوەڕ جیاواز بکەیت، هەرکات دەسەڵاتت هەبێت سوکایەتی بەو کەسانەش دەکەیت کەلەسەر هەمان دینی خۆتن و بۆچوونی جیاوازیان هەیە. ئەبێت فێربین جیاوازی بیروباوەڕەکان وەکو باخچەیەک ببینین، باخچەیەکی پڕ لە گوڵی جۆراوجۆر، هەموو گوڵەکان تینووی تیشکی خۆر و ئاو و خاکن، هەمووشیان پێکەوە باخەکە جوانتر دەکەن. مرۆڤەکانیش هەرچەندە لە بۆچووندا جیاوازبن، هەموویان تینووی ڕاستی و ئارامی دەروونن، هەمووشیان پێکەوە کۆمەڵگە جوانتر دەکەن. ئەبێت فێربین، پێش ئەوەی بڕیاربدەین گوێبگرین، گوێبگرین، گوێبگرین، بەداخەوە ئێمە پێش ئەوەی گوێبگرین بڕیار ئەدەین. گوێگرتن بەردی بناغەی کۆمەڵگەیەکی دوور لە شەڕ و ئاژاوەیە، تێگەیشتن لە بۆچوونی جیاواز بنەمای پێکەوەژیانە. ئەو کەسەی گوێنەگرێت هەرگیز تێناگات. کاتێک ڕێز لە بیروباوەڕی جیاوازی خەڵکی دەگریت، پێنج ئامانج دەپێکیت:

١.دەیسەلمێنیت کەسێکی ڕەوشتبەرز و خاوەن پەروەردەی جوانیت.
٢.ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی دروست دەکەیت.
٣.سەرنجی خەڵکی لەسەر جوانییەکانی بیروباوەڕی تۆ و ئەگەری هاتنە سەر بیروباوەڕی تۆ زیاتر دەبێت .
٤.بەدەستهێنانی ئارامی دەروونی خۆت و دوورکەوتنەوە لە ڕق.
٥.گوێگرتن لە بۆچوونی جیاواز، بۆچوونی تۆ دەوڵەمەندتر دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP