هەرێم نیوز
بەرپرسێك لە كۆشی سپی ئاشكرایكرد، لەكاتی گەیشتەكەیدا بۆ مالیزیا؛ دۆناڵد ترەمپ لەناو فڕۆكەی سەرۆكایەتیداو لەكاتی راوەستاندا بۆ تێكردنی بەنزین لە دەوحە، چاوی بە میرو سەرۆك وەزیرانی قەتەر دەكەوێت.
لەم گەیشتەدا كە بۆ بەشداریكردنە لە لوتكەیەكی هەرێمایەتی لە مالیزیا، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هاوڕێیەتی ترەمپ دەكات.
لەدوای هێرشەكەی ئیسرائیلەوە بۆسەر سەركردەكانی حەماس لە دەوحە لە ئەیلولی رابردوودا، یەكەمجارە ترەمپ بچێتە قەتەر، سەردانەكەی دوای ئەوە دێت لە 29ی ئەیلولدا ئیمزای لەسەر فەرمانێك كردو تێیدا بەڵێنیدا بەوەی گەرەنتی ئاسایش و سەلامەتی قەتەرو خاكەكەی بكات، لەناویاندا گرتنەبەری رێكاری سەربازیی بۆ پارێزگاریی لە قەتەر.
لەبارەی گەشتەكەیەوە بۆ ئاسیا، لەناو فڕۆكەكەیدا رۆژنامەوانان لە ترەمپیان پرسی ئایا ئەگەری هەیە دیدار لەگەڵ كیم جۆن ئون-ی سەرۆكی كۆریای باكور بكات، ترەمپ وتی: بەڵێ حەز دەكەم؛ ئەویش ئەزانێ ئێمە بەرەو ئەوێ دەچین".
دواین دیداری ترەمپ لەگەڵ كیم جۆن ئون لە ساڵی 2019دا بوو.
ترەمپ بە كیم جۆن ئونی وت:" ئەگەر دەتەوێت گفتوگۆ بكەین، ئێمە كراوەین بۆ ئەمە"، سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوە كرد پەیوەندییەكی نایابی لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باكور هەیە.
كاتێكیش رۆژنامەوانان لێیان پرسی ئایا كراوەیە بەڕووی داواكاری كۆریای باكور بۆ داننان پێیدا وەكو هێزێكی ئەتۆمی، ئەمە وەكو مەرجێكی پێشوەختە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن؛ ترەمپ رایگەیاند، پێموایە بە جۆرێك لە جۆرەكان هێزێكی ئەتۆمییەو ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە بڕێكی زۆر چەكی ئەتۆمییان هەیە.
سەردانەكەی ترەمپ بۆ ئاسیا وڵاتانی مالیزیان و ژاپۆن و كۆریای باشور دەگرێتەوە.