هەرێم نیوز
مه‌كته‌بی ڕێكخستنی كه‌ركوك-گه‌رمیانی پارتی هۆشداری له‌باره‌ی دۆخی پردێ (ئاڵتون كۆپری) ده‌دات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، له‌باره‌ی ڕوداوه‌كه‌ی پردێ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی هاوڕابوین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته دۆخه‌كه هێور بكرێته‌وه و كێشه‌كه به یاسا چاره‌سه‌ر بكرێت و یاسا سه‌روه‌ر بێت و ده‌شڵێت، "ئه‌م كرده‌وانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دۆخی هه‌ڵبژاردنه‌كان نابێت و له كاتی خۆیدا هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ده‌چێت".
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دەربارەی ڕووداوی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناحیەی پردێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، لە ساتەوەختی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوێنێ شەوی ناحیەی پردێ، ئێمە لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان، هەر زوو پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بۆ ئەوەی بە ئەرکی خۆیان هەستن و دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، گیانی هاووڵاتیان بپارێزن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، شەوی ڕابردوو لە ساتی ڕووداوەکە ئاگاداری هەڤاڵانمان کردەوە دان بە خۆیاندا بگرن و هیچ کاردانەوەیەکی توندیان نەبێت و هەرچی هەیە لەڕێگەی یاساوە چارەسەر بکرێت.
جەختشی کردەوە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر هێڵ بووین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەتایبەت لەگەڵ (محەمەد سەنعان) سەرۆکی بەرەی تورکمانی هاوڕابووین لەسەر ئەوەی پێویستە دۆخەکە هێور بکرێتەوە و کێشەکە بە یاسا چارەسەر بکرێت و یاسا سەروەر بێت.
هەروەها مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی ڕاشیگەیاند، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، ڕێکاری یاسایی بۆ ڕێگری لە دووبارە بوونەوەی ئەم گرژییانە بگرنە بەر و هاووڵاتیانی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە، ئەم کردەوانە کاریگەریی لەسەر دۆخی هەڵبژاردنەکان نابێت و هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، داوا دەکەین، ڕوحی برایەتی و پێکەوەژیان بپارێزن و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئارامی بەڕێوە بچێت دوور لە زمانی زبر و توندوتیژیی.