هەرێم نیوز
سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی هەرێمی رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێم بەردەوامن، بەڵام بۆچوونەکان جیاوازن.
ئەمڕۆ شەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، عهبدولحهكیم خهسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمیدیای پارتی رایگەیاند، "گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێم بەردەوامن، بەڵام هەردوولا لەو بارەیەوە بیروبۆچوونی جیاوازیان هەیە".
ئاشکراشیکرد، "سەرباری بیروبۆچوونی جیاوازمان لەبارەی داهاتی نانەوتی لەگەڵ بەغدا، بەڵام تا ئەو پرسە یەکلادەبێتەوە مانگانە لەسەر بڕە پارەیەک ڕێککەوتوون بۆمان بنێرن".
جەختیشیکردەوە، هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە، پێویستە بەغداش بودجە و شایستە داراییەكان بنێرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دانوستانەکان لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان نەوەستاوە و بەردەوامی هەیە، سودانی وەک خۆی ئاماژەی پێدا بوو لەڕێگەی ئەو لیژنەیەی کە پێکیهێنابوو هەوڵی یەکلاکردنەوەی پرسەکە دەدات. بەڵام هێشتا لەبارەی داهاتی نانەوتی نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.