هەرێم نیوز
فەرماندەی گشتی سوپای ئێران رایگەیاند، پێویستە لەوپەڕی ئامادەباشیدابین بۆ جەنگ، هۆشداریشدا لە سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی جەنگ لەنێوان تاران و ئیسرائیل و واشنتۆن.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتی سوپای ئێران، سەبارەت بە شەڕی (١٢) رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، رایگەیاندووە، تەواوی ئێران لە هێزی زەمینی و بەرگری و ئاسمانی سوپاوە، تا سوپای پاسداران و خەڵک بە گشتی، لە کاتی شەڕی سەپێنراوی ئەم دواییەدا لە دڵی شەڕەکەدا بوون، بە هەموو هێزی خۆیانەوە شەڕیان کرد، بۆ ئەوەی ئێرانی ئیسلامی بۆ هەمیشە بە سەربەرزی لە مێژوودا بمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، پرسی ئەتۆمی بیانوی سەرەکی دوژمن بوو، بەڵام ئەوەی کردیان و دەیانویست بیکەن، تەواو جیاواز بوو لە بانگەشەكانیان، نیشانی دا کە دوژمن پلانێکی وردی هەبوو لە دژی گەلی ئازیزو نیشتمان و سیستەمی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە لە گۆڕەپانەکە بە شانازی و شەرەفەوە دەرچووین.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دواتریش ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە. بە گوتەی بەرپرسانی ئێران، زیاترین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای تاران و شاری تاران بوون.