هەرێم نیوز
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی له پهرلهمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، قاچاغچێتی نهوت لهلایهن میلیشیاكانی عێراقهوه بهردهوامی ههیه و كەسانی نزیك لەو میلیشیایانە لە كوردستان، "زو زو دەچن شانیان ماچ دەكەن"، بەردەوام باسی بونی قاچاغچێتیی نەوت لە كوردستان دەكەن، تاوەكو ئەو قاچاغچێتییەی لە عێراق هەیە بیشارنەوە.
مەریوان قەرەنی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگهیاند، "چهندین راپۆرت باس لە بونی قاچاخچێتییەكی ڕێكخراوی نەوت لە باشوری عێراق دەكەن، كە پێدەچێت قاچاخچێتییەكە بە دو جۆر بێت: یەكەم: نەوتی وڵاتێكی ئیقلیمی دەهێنن و بەڵگەنامەی وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی بۆ دەردەكەن و بە ناوی نەوتی عێراق لە بازاڕەكانی جیهاندا دەیفرۆشنەوە، دوەم: نەوتی عێراق كە بە هەر جۆرێك بێت دەست قاچاغچییەكان دەكەون، لە ڕێگەی كەشتییەوە و بە فەرمی لە بازاڕەكانی دونیادا دەیفرۆشن".
ئاماژەی بەوەشکردەوە: ”وا دیارە قاچاخچییەكانی نەوت كەسانی دەسەڵاتداریان لە پشتە و میلیشیاكان تۆڕی گەورەی قاچاخچێتیی نەوتیان لە عێراق دروست كردووە، هەر بۆیەش دەبینین كەسانی نزیك لەو میلیشیایانە لە كوردستان، لەوانەی زوو زوو دەچن شانیان ماچ دەكەن، بەردەوام باسی بوونی قاچاخچێتیی نەوت لە كوردستان دەكەن، تاوەكوو ئەو قاچاخچێتییەی لە عێراق هەیە بیشارنەوە. بۆیە دەركەوت هەموو ئەوانەی باسی بوونی قاچاخچێتیی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئامانجیان ئەوەیە پرۆسەی بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق بشارنەوە.“
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتە ڕوو: ”ئێوارەی رۆژی سێشەممە ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا بە فەرمی باسی لەو قاچاخچێتییەی نەوتە كرد كە ئەو تەنیا باسی لە بەشێكی قاچاخچێتییەكە كرد و گوتی: ”نەوتی ئێران بە ناوی نەوتی عێراق دەفرۆشرێت“، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمەریكا باش ئاگاداری بەشەكەی دیكەی قاچاخچێتییەكەشە، بۆیە كێ دەڵێ هەروا بێدەنگ دەمێنێتەوە؟“
لە كۆتاییشدا هۆشداریی داوە و نووسیویەتی: ”راشكاوانە دەڵێین، مەترسیی ئەوە هەیە كە ئەگەر حكوومەتی سوودانی نەتوانێت سنوورێك بۆ قاچاخچێتیی میلیشیاكان بە نەوتەوە دابنێت، دوور نییە لە قۆناغی داهاتوودا ئەمەریكا سزا بخاتە سەر وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ، ئەوكات تاكە داهاتی عێراق كە لە نەوتەوە دەستی دەكەوێت، نامێنێت و بەم جۆرەش دۆخێكی زۆر خراپتر لە سەردەمی گەمارۆ ئابوورییەكەی ساڵانی نۆوەدەكان لە عێراق دروست دەبێتەوە. پرسیار ئەوەیە، ئایا چەند تۆڕێكی قاچاخچی ئەوە دەهێنن كە لەبەر خاتری ئەوان وڵاتێك بخرێتە مەترسییەوە؟ یانیش ئەو تۆڕە قاچاخچییە خزمەت بە بەرەیەكی فراوانتر دەكەن و ئەو بەرەیەش دەسەڵاتی لە حكوومەتی فیدرالی زیاترە؟“