دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆنگرێسمانێکی ئەمریکا: پاڵپشتی هەموارکردنەوەیەی یاسای بودجەی بەرگریی نیشتمانی دەکەم بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەرێم نیوز 

جۆ ویڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمریکی هەموارکردنەوەیەکی بۆ یاسای بودجەی بەرگریی نیشتمانی (NDAA) پێشکێش کردووە، کە تێیدا جەخت لە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
 

پڕۆژەکە، وەکو هەموارکردنەوەیەک بۆ بڕگەی 12ـی پڕۆژەیاسای بەرگری پێشکێش کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو "هاوبەشێکی گرنگی ستراتیژیی  ئەمریکا" ناودەبات. 
 
ئەو کۆنگرێسمانە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات دەست لە نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت، کۆتایی بە راگرتنی هەناردەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بهێنێت و هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان رابگرێت.
 
جۆ ویڵسن کە ئەندامی کۆمارییەکانە دەڵێت: "ئەمریکا پاڵپشتیی دابینکردنی رێوشوێنی ئەمنیی پێویست بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات لەبەرامبەر هێرشەکانی ئێران و میلیشیا کارتۆنییەکانی دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرچاوەکانی وزەی."
 
ویڵسن، کە دوو کوڕی لە عێراق خزمەتیان کردووە، وتیشی: "خۆشحاڵم کە پاڵپشتیی ئەم هەموارکردنەوەیەی یاسای بودجەی بەرگریی نیشتمانی دەکەم بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق وەکو هاوبەشێکی گرنگی ستراتیژیی ئەمریکا."
 
پڕۆژەیاسای بەرگریی نیشتمانی، یاسایەکی ساڵانەی ئەمریکایە کە سیاسەتی بەرگریی وڵات دادەڕێژێت و خەرجییەکانی وەزارەتی بەرگری پەسند دەکات. پڕۆژەیاسایە چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پڕۆگرامە سەربازییەکان، هاوبەشییە بیانییەکان و دەستپێشخەرییە ئەمنییەکان دابین دەکات. 
 
هەموو ساڵێک، ئەندامانی کۆنگرێس دەتوانن هەموارکردنەوە بۆ بڕگەکانی پڕۆژەیاساکە پێشنیاز بکەن. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP