دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پڕۆژەی رووناکی: کارمەندی وەرگرتنی پارەی کارەبا زیاد دەکەین

هەرێم نیوز 

تیمی پرۆژه‌ی ڕووناکی رایگەیاند، بڕیارە پرۆژەی روناکی لە رۆژی یەکشەممەوە کارمەند بۆ بەشی فرۆشتن و وەرگرتنی پارە زیاد بکات.

کارمەندەکان کارەکەیان بریتی دەبێت لە کۆکردنەوەی پارەی مانگانە لە گەڕەکەکان و وێستگەکانی وەرگرتنی پارەی مانگانە.

بەگوێرەی پڕۆژەی رووناکی، لە هەنگاوەکانی داهاتوودا هەر بەشێکی فرۆشتنی وزە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی وەرگرتنی پارەوە قەرەباڵخی تێدا دروستببێت، ئەوان کارمەندی نوێی بۆ زیاد دەکەن. 

پڕۆژەی رووناکی، پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی پڕۆژەکە، تاوەکو ئەمڕۆ لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، نزیکەی یەک ملیۆن هاوبەشی کارەبا کە دەبێتە نزیکەی 4 ملیۆن کەس سوودمەند بوون. 

ژمارەی هاووڵاتی و هاوبەشانی سوودمەند لە پرۆژەی رووناکی:
هەولێر: 1,935,000 هاووڵاتی، 504,000 هاوبەش.
سلێمانی: 1,345,000 هاووڵاتی، 351,000 هاوبەش.
دهۆک: 351,000 هاووڵاتی، 94,000 هاوبەش.
هەڵەبجە: 139,000 هاووڵاتی، 38,000 هاوبەش.
کۆی گشتی: 3,770,000 هاووڵاتی و 987,000 هاوبەش.

بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 3,200 موەلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکاندا کوژێنراونەتەوە، لەوانە 2197 موەلیدە لە هەولێر، لە سلێمانی 604 موەلیدە، لە دهۆک 356 موەلیدە و لە هەڵەبجەش 65 موەلیدە، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کەمکردنەوەی دەرچوونی 600,000 تۆن لە دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە ساڵێکدا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 زیاتر لە 7,000 مۆلیدە بکوژێنێتەوە و کارەبای 24 کاژێری بۆ تەواوی ناوچەکان دابینبکات.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی "رووناکی" راگەیاند. لە مانگی ئایاریش ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پرۆژەکەی دا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP