هەرێم نیوز
دادگای سلێمانی بڕیاریدا به زیندانیكردنی شاسوار عەبدولواحید سهرۆكی جوڵانهوهی نهوهی نوێ بۆ ماوهی پێنج مانگ.
ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای سلێمانی لەسەر سکاڵای ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، شاسوار عەبدولواحیدی بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادا.
ئەمە لەکاتێکدایە کە 10 دۆسیەی دیکە ماوە سەبارەت بە شاسوار عەبدولواحید یەکلایی ببنەوە.
شەوی 12ی 8ی 2025، شاسوار عەبدولواحید بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 431 لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیرکرا.
دواتر لە رۆژانی 21 و 28ی 8ی ئەمساڵ دوو جار دانیشتنی دادگا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید دواخرا، ئەمرۆش سێهەم دانیشتنی دادگا ئەنجامدرا و شاسوار عەبدولواحید بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا.
پێشتریش حاکم سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای سلێمانی رایگەیاندبوو: پڕۆسەی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید بەپێی یاسای سزادانی عیراقی بەڕێوەدەچێت و هەموو مافێکی تۆمەتبار پارێزراوە، هەروەها جیاوازی لەنێوان هیچ تۆمەتبارێکدا نییە و دادگا بێلایەنی خۆی لەدەست نادات.
بەگوتەی سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، کە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند بوو، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە فەرمانی دادوەر و بە ماددەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە، ماددەکە تایبەتە بە هەڕەشەکردن.
کێشەی نێوان شادی نەوزاد و شاسوار عەبدولواحید دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2019، کاتێک شادی نەوزاد کە ئەوکات ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بوو، لە جووڵانەوەکە جیابووەوە. دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مۆبایلەکەی بەرزکردەوە و نامەی هەڕەشەئامێزی نیشانی میدیاکان دا و ڕایگەیاند کە "شاسوار و باندەکەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ڕووتمان لێدەکەن هەر لەو کاتەدا بەڵێنی تۆمارکردنی داوای یاسایی دا.