هەرێم نیوز
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگهیاند، دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، هەرێمی کوردستان دەچێتەوە ناو هاوکێشەی نەوتی جیهانی. ئەوەش بۆ هەرێم و موچەخۆران گرنگە و كێشەی موچە چارەسە دەبێت.
شاخەوان عەبدوڵا، ئەمڕۆ شەممە سەردانی ژمارەیەك پارتی كوردی شاری كەركوكی كرد و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەداخەوە نەتوانرا لیستێکی هاوبەشی كوردی لە شاری كەركوك دروست بکرێت، بەڵام هێشتا دەرفەت ماوە کە کەمترین دەنگی کورد لەم شارەدا بەفیڕۆ نەچێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە هەڵبژاردنی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کورد نەیتوانی نیوەی کورسییەکان بەدەست بهێنێت، بۆیە بەهیوان ئەمجارە هەڵوێستێکی یەکگرتو هەبێت، چونكە پێشهاتەکان وا دەخوازن لایەنە کوردییەکان لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە بۆچون و هەڵوێستەکانیان یەک بخەن، بەتایبەت لەبەردەم هەڵبژاردنی داهاتودا.
شاخەوان عەبدوڵا باسی لەوەشكرد، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستکەوتێکی گرنگە و دوای ڕێککەوتنەکە، هەرێمی کوردستان دەچێتەوە ناو هاوکێشەی نەوتی جیهانی.
دەشڵێت، "هەناردەكردنەوەی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان و موچەخۆران گرنگە، چونکە بابەتی موچە بەسترابوەوە بە هەناردەکردنی نەوتەوە. هەروەها داهاتی نەوت دەچێتە چوارچێوەی داهاتی فیدراڵی و لە بەرامبەردا موچەی فەرمانبەران دابین دەکرێت".
ئەمەش لەکاتێکدایە، شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەیانی، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە.
ئەمەش دوای ئەوە هات، لە رۆژی 25ی ئەم مانگە، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان راگەیاند و بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هەناردەکردنەوە دەستیپێکرد.
وردەکاریی ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، ڕێککەوتوون لە قۆناغی یەکەمدا وەک دەستپێک، ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت، هەروەها هەردوولا لەسەر ئەوەش ڕێککەوتوون کە 50 هەزار بەرمیل نەوتیش بۆ پێویستیی ناوخۆی هەرێم بەکار بهێنرێت.
لە ئاداری ساڵى 2023ەوە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا.