ئارام سدیق
لە هەموو سەردەمێکدا بەخشین و گیانی هاوکاری دڵ و ڕۆحێکی گەورەی ویستووە. هەمیشە مرۆڤە بەخشندەکان ئاسوودەتربوون، ئەوانەی ڕۆحییەتی بەخشین و هاوکاری ئەوانی تریان هەبووە مەرج نییە دەوڵەمەندەکان بووبن، بەڵکو ئەو مرۆڤانەن کە دڵیان دەوڵەمەندە و ڕۆحیان گەورەیە. چەشنی ماتریۆنا-ی نێو ڕۆمانی ماڵی ماتریۆنا، کە ماڵەکەی دەکاتە پەناگە و شوێنێک بۆ هەموو ئەوانەی پێویستیان بە هاوکاری هەیە، ئەگەرچی خۆی لە ڕیزی نەدارەکاندایە، بەڵام بەردەوامە لە بەخشین و سڵی لێ ناکاتەوە.
ماڵی ماتریۆنا، ڕۆمانێکی نووسەری ڕووسی "ئەلیکساندەر سۆڵژنیستین"ـە، کە جەبار سابیر کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕەهەند چاپ و بڵاویان کردووەتەوە. ئەم ڕۆمانە لە ڕیزی ئەو رۆمانە کورتانەیە، کە خاوەنی بەخشینێکی گەورە و وانەگەلێکی زۆر گرنگی تێدایە سەبارەت بە رۆحیەتی بەخشین و هاوکاری ئەوانی تر، کە لەم سەردەمە جەنجاڵەدا خەریکە ئەم ڕۆحییەتە کاڵ دەبێتەوە.
ئەم ڕۆمانە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٣ چاپکراوە، گێڕەرەوەی ئەم چیرۆکە سەرنجڕاکێشە مامۆستایەکی بیرکارییە، کە پێشتر لە گولاگ (کەمپی سەرەکی کرێکاری و چاکسازیی یەکێتی سۆڤیەت) زیندانی کراوە. لە قوتابخانەیەک لە کێڵگەیەکی گەورەی بەکۆمەڵدا کار دەدۆزێتەوە. دوای ئەمە، ماتریۆنا لە خانووە بچووک و وێرانەکەیدا شوێنێک پێشکەش بە گێڕەرەوە دەکات. گێڕەرەوە پێشنیارەکە قبوڵ دەکات و لە یەک ژووردا پێکەوە دەژین. گێڕەرەوە جیاوازییەکی کەم لە نێوان ژیانی کرێکارانی ئەم کێڵگەیە و ژیانی کرێکاران و کۆیلەکانی خاوەن زەوی و زارەکان لە سەردەمی پێش شۆڕشدا دەبینێت. ماتریۆنا بە مووچەیەکی کەم، یان زۆرجار خۆبەشانە لە کێڵگەکەدا کاردەکات. ناچارە بەشێکی کەم لە ماڵەکەی بداتە کەسێکی ناسیاو کە پلانی هەیە ئەو دارانە بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی خانوویەکی دیکە لە گوندەکەدا. جووتیارانی سەرخۆش بڕیار دەدەن شەوانە دار بگوازنەوە بە تراکتۆرێک کە بەبێ مۆڵەت بردوویانە. بەڵام لەم نێوەندەدا ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو ڕەوتی چیرۆکەکە دەگۆڕێت.
بەشێک لە ڕەخنەگران و لێکۆڵەران باس لەوە دەکەن کە چیرۆکی ئەم ڕۆمانە لەسەر بنەمای ڕووداوە ڕاستەقینەکانی ژیانی نووسەر خۆیەتی ڕۆنراوە و دڵسۆزانە ژیان و مردنی ماتریۆنا ڤاسیلیێڤنا زاخارۆڤا وێنا دەکات. تاکە شتێک، کە گۆڕاوە ناوی گوندەکەیە. بەڵام تەنیا هونەرمەند و نووسەرێکی وردبین دەتوانێت ئەم ژیانە پڕ لە بەخشینە ماتریۆنا بکاتە چیرۆکێکی ئاوها ڕاستەقینە و بەهایەکی هونەری لەو شێوەەی پێ بدات.
لەم چیرۆکەدا دوو جۆر فەلسەفەی ژیان بە ڕوونی یەکسان کراون. خزمەتکردنی بێ خۆپەرستانە بۆ خەڵک، هەوڵدان بۆ یارمەتیدانیان تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی هیچ پاداشتێک بێت (تاکە نموونەی ئەمەش خودی ماتریۆنایە) و هەوڵدان بۆ کەڵەکەکردنی سامان وەک ئامانجی ژیان (وەک زۆربەی خەڵکی گوندەکە دەیکەن). جێگای سەرنجە کە خزم و دراوسێکان نەیانتوانی لە ماتریۆنا تێبگەن کە بە خۆڕایی یارمەتیان دەدا. سەرزەنشتیان کرد کە "گرنگی بە ئاژەڵە ماڵییەکان نادات". ژیانی خۆبەزلزانینی ماتریۆنا تەنها خزمەتێکی بە تیشکخستنەسەر سروشتی بەرزی ئەو دەکرد، کە لە سەرووی هەموو شتێکەوە لە خەمی ئەوانی دیکەدا دەردەکەوێت.
نووسەری ئەم ڕۆمانە لە 11ی کانوونی یەکەمی 1918لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران لە دایک بووە خەڵاتی زانستەکانی لە زانکۆی روستۆف وەرگرتووە لە 7ی تەمموزی 1945 كاتێک نەقیبی کەتیبەیەکی تۆپهاوێژ بوو بە تۆمەتی ناشرینکردنی ناوبانگی ستالین بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەندکراوە و لە ئۆردوگای کاری زۆرەملێ بووە.
سەرەڕای سەختی ژیانی، بەڵام توانی خەڵاتی نۆبڵ لەساڵی 1970 لە بواری ئەدەب بەدەست بهێنێت، دەسەڵاتدارانی سۆڤیەتی پاش ئەوەی لە ساڵی 1974 بە ناپاک ناودێریان کرد و دەیان ناو و ناتۆرەی سووکیان لێنا ڕێگەیاندا لە سۆڤیەت بچێتە دەرەوە، ماوەیەک لەسویسرا مایەوە و پاشان گوندی کاندیشی سەر بە ویلایەتی فیرمۆنتی ئەمریکا بە پارەی خەڵات و داهاتی نووسینەکانی بیست هێکتار زەوی کڕی و خانوویەکی لەسەر دروستکرد ئەو گوندە دوورەدەستەی وەک جێگای ژیانی خۆی هەڵبژارد لەو شوێنەدا ڕۆمانی (تایەی سوور)ی نووسی کە باسی مێژووی شۆڕشی ڕوسیای تێدا کرد، ساڵی 1990 ڕەگەزنامەی ڕووسیان پێدایەوە و ڕێزیشیان بۆ گێڕایەوە ساڵی 1994 بەیەکجاری گەڕایەوە ڕووسیا ماوەیەک بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی پێشکەش دەکرد پاشان وازی هێنا.
سەبارەت بە کاریگەری نووسەرانی دیکە لەسەری خۆی باس لەوە دەکات، کە نموونەی باڵا و بەرچاوی لە ژیان لیڤ تۆڵستۆیە و زۆر پێی سەرسامە. سۆلژنیتسین لە 3ی ئابی 2008 لە تەمەنی 90 ساڵیدا لە شاری مۆسکۆی وڵاتی ڕوسیا کۆچی دوایی کرد.