دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

سێ تۆمەتباری ڕووداوی تەقەکردنەکەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دەستگیرکران

هەرێم نیوز

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، سێ‌ تۆمەتبار لەسەر ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی نەخۆشخانەی شار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی بەڕێوەبەرایەتیمان و بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دەستگیرکران.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕوونیدەکاتەوە، کە شەوی ڕابردوو پاش کاتژمێر ١٢ ی نیوەی شەو سێ‌ كەس بەمەبەستی سەردانیکردن دەچنە نەخۆشخانەی شار. بەهۆكاری ئەوەی سەردانیكردن بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان لەو کاتەدا ڕێگە پێدراو نییە، کارمەندی پاسەوانی بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانە ڕێکاری گونجاو دەگرێتە بەرو ڕێگرییان لێدەكات.

دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەدا کە دەستگیرکراوان یەکێکیان دور لە ڕاستی خۆی بە پزیشکی نەخۆشخانە دەناسێنێت و یەکێکیشیان لەژێر کاریگەری مەی نۆشیدایە ، گرژی و ئاڵۆزی دەخوڵقێنن و هێرش دەكەنە سەر کارمەندەکەمان و یەكێكیان چەكی كارمەندەکە دەڕفێنێت و تەقە دەكات و هەڵدێت.

پۆلیس ئاماژە بەوە دەکات کە دەستبەجێ‌ لەلایەن بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دووان لە تۆمەتبارەكان دەستگیرکران و لەماوەیەكی زۆر كەمیشدا تۆمەتباری سێیەم لە لایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە لە گەڕەكی كوردستان دەستگیركرا .

بەوتەی پۆلیس، لە ئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران :
س ، س لەدایكبووی 1969
ب ، س ، س لە دایكبووی 2006
ب، س، س لەدایكبووی 2004 
بەبڕیاری بەڕێز دادوەر بەپێی ماددەی (٣١/٤٠٥) لەیاسای سزاکانی عێراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP