دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

نیو کاتژمێر دوای مردنی تۆ چی ڕودەدات ؟

هێمن عەبدولقادر

هیچ شتێکی ئەوتۆ لە دونیادا ڕوونادات،نە ئەستێرەیەک دەوەستێت و نە باڵندەیەک لەفڕین و نە چڵە گیایەک لە شنینەوە ، گەورەترین غەمی چواردەورەکەت کتێب و دەستنووسەکانت نییە ،دوکان و مامەلە و کورسی و مێزەکەت نییە.

خێمەیەکی هەرزانمان چۆن دەستکەوێت ..وتەی کەسە نزیکەکانت
تۆ بڵێی مریشکی ناسکی مابێت مریشک فرۆشەکە ... وتەی کەسە دڵسۆزەکانت
ئەم لاستیکی سەری بتڵە بۆ وا شلە ؟ ئەم فاسۆڵیایە بۆ وا نەکڵۆکە ؟ ئەم برنجە بە پڵاو نەبێت ناخورێت ؟ لافیتەکەی ناوی منیشی تێبکەن ؟ قەبر هەڵکەندن بۆ بە سێ سەد هەزار ؟ لەنەوەتەکان بە سێ سەد هەزار لایەکی ئەم شارەت ئەکڕی ..... وتەی خزمە نزیکەکانت
............................
نیو سەعات دوای مردنی تۆ پشتی خێمەکە ئەبێت بە معامەلی دۆنم و ئەرزەی فۆرم و مەلیکەی بڕاوە و وەڵامدانەوەی نامەی مۆبایلەکان و نرخی ئاڵتون، هیچ کەسێکی ئەوتۆ نیگەران نییە بەڕۆیشتنی تۆ ، زۆرێک هەیە کە دێن بۆ تەماشای قوڵی گۆڕەکە دێن ، نەبادا قوڵییەکەی وەک پێویست نەبێت و بتوانیت هەستیتەوە ، هەموو ئەوانەی لە سەر قەبرەکەت دەخوێنرێنەوە ، تەنها سکرتێرەکان نوسیویانە ، فرمێسکی مفت چۆن بۆ تۆ هەڵدەڕێژن ، ئەوان کە زیندوو بویت لە پاش ملە باسیان ئەکردیت ، بەسەد جۆرا لە خودا دەپاڕانەوە کەوتنت ببینن ،
ئەگەر سێ چوارێکیش نیگەران بن ، دوای نیو سەعات بە دوای باشترین جلی ئوتوکراودا دەگەڕێن بۆ پرسەکە ، تا مامۆستا و بڵندگۆکان دەگات ، ئا لەو ملەقۆتە و جگەرە قاپێک بۆ ئێمە تێکەن.

نیو سەعات دوای مردنی تۆ ، نیوەی منداڵی خزمەکان دڵخۆشن بەهۆی ئەوەی ناچنەوە بۆ قوتابخانە ، گەورەترین و قوڵترین گفتوگۆی ناو پرسەکەت ، باسی چاکە و باشی تۆ نییە ، بەڵکو باسی ئەو دەرمانە تازانەیە کە بۆ درز و تەڕەشوع بەردەستە ، ئێستا کاشی و خەڵاتی مەغسەل هاتووە دانسقە و هەرزان ، تۆ با ئەم وەجبەیە بڕۆن بەناوی دەستگەیاندن بە ئاوەوە ئەچین سەرێکی ئەو دوکانە ئەیەین.

لە کاتێکدا سێ مناڵ و ژنێک بۆ ئایندەی خۆیان ئەگرین ، دانەیەک ئەڵێ (نەوتی گە ....) چاکگرانبووە ، تۆ نیو سەعاتە مردویت و سێ کەس لە مزگەوت ریزی یەکەمی پرسەکەیان گرتووە بۆ ئەوانەی بە قافلەیەک ئوتومبیل و دوو کامێراوە خۆیانی پیائەکەن.
........................
نیو سەعات دوای مردنی تۆ هەمووان بەرەو خوارەوە لێژ دەبنەوە ، تەنها داییکە بۆ هەمیشە بە سەرێکی سپی و دلێکی داخدارەوە دەمێنێت و دەژی ، نیو سەعات دوی مردنی تۆ هیچ شتێک ڕوو نادات چونکە پێشتریش هیچ شتێک خۆی هەر ڕووی نەدابوو ، ئەوە تۆ بوویت وات دەزانی دونیا قەرزاری تۆیە ، تۆ نەبیت ڕۆژ نابێتەوە.
(گۆڕستانەکان پڕن لەو کەسانەی کە وایان دەزانی دونیا بەبێ ئەوان هەڵناسوڕێت)
چەرخی دونیا هەمیشە دەسورێت بەبێ بوونی تۆ بە نیو سەعات پێشتر و پاشتریش
......................
ڕێبوارێک لە کێوێکی دوور ڕێی کەوتە لای پیرە مێردێکی دانا ، تەماشای کرد جگە لە چەند کتێب و پێخۆر و پێخەفێک هیچی نەبوو ، لێی پرسی (کەلوپەلی ژیانت لە کوێیە؟) پیرەمێرد گوتی (کوڕی خۆم کەلوپەلی ژیانی تۆ لە کوێیە؟)

گەشتیارەکە گوتی (من تەنها ڕێبوارێکم و لیڕەوە تێدەپەڕم) ، پیرەمێردەکەش گوتی (منیش هەروەها)
(بەم تەپڵی عەتتاری خەیاڵاتە حەریقی
هەر بانگ کە وەرە موشتەری بۆ شەهری نەباتم)

لەم بازاڕ نووسینەدا کە وەک دوکانی عەطار پڕە لە بوغرد و بۆن و دەرمان ، دەبێت بانگتان بکەین بۆ شارێکی پڕ لە حیکمەت و دانایی و بڵێین هیچ شتێک لەدونیادا ئەوەناهێنێت دڵی یەکتری لەسەر زویر بکەین ، لە شاوە تا گەدا دەبێت برۆن چەند بە توندی باوەش بە دونیادا بکەیت ئەوەندە بە توندی ئازار دەچێژیت ، بە مرۆڤانەوە بژین و بە مرۆڤانەوە جێیبهێڵن دونیا وەک ئاو بە هێواشی دێت و وەکو با بە خێرای تێدەپەڕێت.
نوقتە سەری دێڕ .....



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP