هەرێم نیوز
مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق، رایدەگەیەنێت، ئەمریکا هەوڵ نادات کارنامەیەک بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، بەڵکو پشتگیری لە حکومەتێکی سەربەخۆ دەکات کە توانای هەبێت بڕیارە سەروەرییەكانی خۆی بدات.
ساڤایا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "کلدان پرێس" رایگەیاندووە: ئامانجم کارکردنە لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەکان (سیاسی، ئایینی و ئابوری) بۆ زامنكردنی عێراقێکی سەقامگیرو ئاوەدان کە بتوانێت هاوبەشێکی راستەقینە بێت بۆ ئەمریکا، دوور لە ململانێکانی ناوچەکە، دەمەوێت جارێكی تر عێراق مەزن بكەمەوە.
بە وتەی نێردەی ئەمەریکا، عێراق خاوەنی توانایەکی بێشوماری مرۆیی و ئابورییەو ئەگەر بەشێوەیەکی دروست وەبەرهێنان بکرێت، دەبێتە ناوەندێکی هەرێمایەتی بۆ گەشەپێدان و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
وتوشەیەتی: سەردانەکەی داهاتووی من بۆ بەغداد پەیامێکی روون دەبێت بەوەی واشنتۆن پابەندە بە پاڵپشتیکردنی عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو، هەروەها لاپەڕەیەکی نوێی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکردووە.