دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

سودانى دەبێتەوە سەرۆکوەزیران

هەرێم نیوز 

ئەنجامە بەراییەکان کە لە نوێنەرى لایەن و میدیاکانەوە کۆو بڵاوکراونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن لە عێراق گروپەکەى سودانى و لە کوردستانیش پارتى دیموکراتى کوردستان سەرکەوتنى گەورەیان بەدەستهێناوە، بەڵام پرسیارە گرنگەکە بۆ عێراق ئەوەیە ئایا ئەم ریژەزۆرەى دەنگ لە دواى ئەوەى کۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکان بە فەرمی بڵاویدەکاتەوە دەبێتەوە سەرۆکوەزیران و ئاخۆ پشکەکانى پارتى لە داهاتووى کابینە نوێیەکەیدا بە کوێ دەگات و چ کاریگەرییەک لەسەر پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد دادەنێت؟
سەرچاوەکانى نێو هاوپەیمانى «الإعمار والتنمية» کە محەمەد شیاع سودانى سەرۆکایەتى دەکات نزیکەى 50 کورسییان مسۆگەر کردووە و چاوەڕێش دەکەن ئەولەو ژمارەیە زیاتریش بێت، لەبەرامبەردا محەمەد حەلبووسى سووننە مەزهەبی سەرۆکی لەسەرکارلادراوى پەرلەمان و سەرۆکی لیستى «تقدم» 35 کورسی بەدەستهێناوە و پارتى دیموکراتی کوردستانیش رۆیکۆردی ملیۆنی دەنگەکانى تێکشکاند و نزیککەوتووەتەوە لە تەقەدوم، ئەوە لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە پارتە جۆراوجۆرەکانى عێراق و کوردستان دۆڕان و هەیانە تەنها کورسییەکەیشى بەدەست نەهێناوە.
رێژەی بەشداربوون:
بە گوێرەى راگەیەنراوێکی کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان (56.11) بووە، ژمارەی دەنگدانى تایبەت و گشتى (12.009.453) بووە لە کۆی (21404291) کە مافى دەنگدانیان هەبووە، ئاماژەى بەوەشکردووە لە دەنگدانى گشتیدا رێژەى بەشداربوون (54.35) بووە و لە دەنگدانى تایبەتیشدا (82.52) و کۆچبەرەکانیش (77.35) بووە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەو ڕێژەیە کردووە کە لە ڕووى ژمارەى ئەو کەسانەوە دیاریکراوە کە تەمەنیان لە عێراق گەشتووەتە تەمەنى یاسایی کە زیاترە لە 30 ملیۆن کەس و ژمارەیەکی زۆریشیان کارتى دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە یان نوێیان نەکردووەتەوە و ژمارەیەکیشان هەر نەیانبووە. لەگەڵ ئەوەشدا سەرەڕای ئەوەى ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەران بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، ژمارەیەکی زۆریش دەنگەکانیان ئەژمار نەکراوە و بە سووتاو ئەژمار کراون، ئەوە نازانرێت بە نەزانین بووە یان بەدەستى ئەنقەست، سەرەڕای بایکۆتی ژمارەیەک لە پارتەکان و لەسەروو هەمووشیانەوە رەوتى سەدر لە ناوەڕاست و باشوورى عێراق.
سەرکەوتنى سودانی:
بە گوێرەى ئامارە سەرەتاییەکان ئەو ژمارە کورسییەى کە سودانى بەدەستیهێناوە کەپێدەچێت بچێتە سەروو 50 کورسیی، لەنێوچوارچێوەى هەماهەنگی کێشە دەنێتەوە و پێدەچێت سودانى بکاتە یاریکەرێکی سەرەکی و بگرە قسەکەرى یەکەمی نێوچوارچێوەکە و کوێخایەتى لە دەستى مالیکی وەربگرێتەوە و بیکاتەوە بە سەرۆکوەزیران، کە ئەم خواستە پێدەچێت هاوئاهەنگ  بێت لەگەڵ سیاسەتى ئەمریکا و وڵاتانى دراوسێش جگە لە ئێران.
بەڵام ئەگەر سەرنجی هاوپەیمانى «دولة القانون»ەکەى مالیکی و «صادقون»ەکەى خەزعەلى بکەین کە پێکەوە 60 کورسییان بەدەستهێناوە، پێدەچێت یەکەم قۆرتى بەردەم سودانى وێنابکەین و بڵێین پێناچێت ئەو خەونەى بێتە دیى و دووبارە لەسەر کورسى سەرۆکوەزیران دابنیشێتەوە (بەڵام ئەگەر ئەو دووانە یەکبگرن) و هاوهەڵوێست بن.
دۆڕاوە گەورەکان:
لەسەر ئاستى عێراق لیستەکانی «البديل» و«التحالف المدني الديمقراطي» کە خەڵکی زۆر بەتوانا و پارتێکى وەک حزبی شیوعی عێراقى پشتیوانى دەکردن هیچ کورسییەکیان بەدەستنەهێنا، خۆ ئەگەر لە حاڵێکدا بە کۆتا یان بە هەر هۆکارێکی دیکە کۆمسیۆن رایگەیاند کە کورسییەک یان دوانیان بەدەستهێناوە، ئەوا هیچ لەو شکستە گەورەیە کەمنکاتەوە، میدیاکانیش ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە ئەوە دەرخەری چالاکییەکانى ئیسلامی سیاسییە لە عێراق بە هەردوو ئاینزاى شیعەو سوننەوە کە لە دژى ئەم رەوتە کاریان کردووە. عەدنان زەرفى سەرۆکی لیستى بەدیل لە ئێکس ئەم شکستەى بە (دەگەى سیاسی) ناو هێناوە و رەخنەى لەوە گرتووە بەدیارچاوى کۆمسیۆنەوە دەنگ کڕین و فرۆشتن بە ئاشکرا کراوە و هیچیان نەگوتووە ئەوەش کاریگەریی لەسەر پرۆسەى سیاسی و دیموکراسیەت هەیە لە عێراق، هەرچى کوردستانیشە ژمارەیەک گۆڕانکاریی رویانداوە لەوانەش کەمبوونەوەى دەنگەکانى یەکێتى و نەوەى  نوێ و بەرەی گەل و حزبی سۆسیالست و چەند لایەنێکی دیکەیە.
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئاخۆ لە کێشمەکێشى ناوخۆیی شیعەکان لە لایەک و پشتگیری کورد و سوننەکان لە لایەکی ترەوە سودانى بەرەو کوێ ئاڕاستە دەکات؟ ئەوە سەرەڕای ئەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان داواى لە هەموو لایەک کردووە کە پابەندبن بە دەرئەنجامەکانى هەڵبژاردن و بە خێرایی حکومەتى نوێ پێکبهێنن. ئەوەى جێگەى سەرنجە هەڵوێستى وڵاتانى دراوسێ و نێودەوڵەتییە لە پرۆسەکەدا و دیارترینیان رۆڵی ئەمریکایە لە پشتیوانیکردن و نەکردنى سودانى و لە لایەکی تریشەوە ئێرانیش دەتوانێت بەرماڵێک بخاتە مزگەوت و لانی کەم کۆمەڵە کێشەیەک بۆ سودانى دروستبکات بۆ ئەوەى دۆستەکانى خۆی( مالیکی و خەزعەلی) رۆڵی سەرەکییان هەبێت نەک سودانی..



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP