هەرێم نیوز
دواى ئەوەى کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانى راگەیاند، ئێستا ئاڕاستەى لایەنە سیاسییەکان و بەدواداچوونەکان لەسەر ئەوەن کەى و چۆن حکومەتى نوێی عێراق پێکدێت و کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانى ئەو حکومەتە نوێیە و رێککارە دەستوورى و یاسایی و رێککەوتنەکانی پشتى پەردە چین، لەوەش روونتر ئەوەیە ئاخۆ سودانى دەبێتەوە سەرۆک وەزیرانى نوێ یان نە؟
رۆڵی کورد لە یەکلایی کردنەوەى کێشەکاندا:
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە ڕووى ژمارەى دەنگەوە پارتى دیموکراتی کورستان لەسەر ئاستى هەموو عێراق یەکەم لیستە، بەڵام لەڕووى ژمارەى کورسییەوە لیستەکەى سودانى یەکەم لیستە، ئەوەش دەمانباتەوە بۆ سەر ئەوەى ئاخۆ سودانى دەتوانێت لەسەر کورسی سەرۆکایەتى کە پێشتر رێککەوتنى لەسەرکراوە دادەنیشێتەوە؟ ئاخۆ بۆچوونى شارەزایان چییە لەبارەى ئەم پرۆسەیەوە کە ژمارەیەکی زۆریان باوەڕیان وایە بە ئاسانى ناگاتە مەنزڵ، پرسیارە جدییەکە ئەوەیە ئاخۆ کورد بەگشتى و پارتى دیموکراتى کوردستان وەک براوەی یەکەم چ هەڵوێستێکیان دەبێت کە لەبەرژەوەندیی کورد لە عێراق بشکێتەوە و لە پێکهێنانى حکومەتدا چ رۆڵێک دەگێڕن؟
هەریەکەو لە ئاوازێک دەخوێنن:
بەگوێرەى راگەیاندنى دەنگەکان لیستەکەى سودانى بە 46 کورسى پلەى یەکەمی بەدەست هێناوە (هەرچەندە هێشتا هەندێک لە سەرچاوەکان باس لە گۆڕانکاریش دەکەن) بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ لایەنە شیعییەکانى تر لەوبارەیەوە هەڵوێستیان چى دەبێت؟ ئەوە لە کاتێکدا لیستى هاوپەیمانی سادقون 28 کورسییان بەدەست هێناوە، مالیکی و حەلوبسیش یەکی 29 کورسییان بەدەست هێناوە، یەکێک لە کێشەکانیش ئەوەیە ناوخۆی ماڵی شیعە یەک دەنگ و یەک رەنگ نییە و هەر یەکەیان لە ئاوازێک دەخوێنن، هۆکاری سەرەکیش دوور و نزیکییانە لەو کاریگەرییانەى کە لە ئەنجامی کێشمەکێشەکانى ئێران و ئەمریکا لەسەر عێراق هاتووەتە پێشەوە سەرەڕای کوتلەى سوننەکان کە لە وڵاتانى کەنداو و تورکیادا خۆی دەبینێتەوە.
چوار قۆناغەکە:
حەمید سایغ، پسپۆری بوارى یاسا بە جەزیرەى راگەیاندووە، دەکرێت قۆناغبەندى و وێستگەکانى بەردەم پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق بە چوار قۆناغ بخەرێتە روو کە بریتین لە :
1-قۆناغى یەکلایی کردنەوەى کێشەکان و ژمارەى دەنگ و کورسییەکان لەڕێگەى دادگاى فیدراڵییەوە، چوون بەبێ پەسەندکردنى دادگاى باڵاى فیدراڵی تەنها راگەیاندنى کۆمسیۆن بەس نییە، پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ دەستێوەرادنەکان لەو دادگایە سەرى لەکوێوە دەردەچێت.
2-کۆبوونەوەى یەکەم و سەرۆکایەتى کردنى یەکەم دانیشتنى پەرلەمان چۆن رێدەخرێت و کەى دیاریدەکرێت بۆ یەکەم کربوونەوە.
3-سەرۆککۆمار کەى و کێ دیاریدەکات بۆ پێکهێنانى حکومەت و لەمەشدا کێشەى گەورەترین کوتلە جارێکى تر نایەتەوە پێشەوە وەک لە 2021 کێشەى گەورەى نایەوە؟
4-گفتوگۆکانى پشت پەردە و دەرەوەى پەرلەمان بەکوێ دەگات، ئاخۆ ئەم گفتوگۆیانە بەکوێ دەگەن و بەرزونزمی دانوستانەکان بەکوێ دەگات؟
ئاڵنگارییەکانى سەرەتا:
دواى ئەوەى کە ئەنجامەکان لە لایەن دادگاى فیدراڵییەوە پەسەند دەکرێت و سکاڵاکان یەکلایی دەکرێتەوە بەگوێرەى یاسا دەبێت سەرۆککۆمار لە ماوەى 15 رۆژدا داوا لە دەرچووانى پەرلەمان دەکات کۆببنەوە و لەیەکەم دانیشتندا چەند کارێک بکەن لەوانەش: هەڵبژاردنى سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەى بە نیوە کۆ یەکى ئەندامان، ئەم پۆستەش بۆ سوننەکان بڕاوەتەوە و رێککەوتنیان لەسەر کراوە، بەڵام جیگرەکانى بە بەگویرەى زۆری و کەمی کورسییەکان دەبێت، بەڵام دواى 30 رۆژ هەر ئەو پەرلەمانە دەبێت سەرکۆککۆمار هەڵببژێرێت بە کۆی دوو لەسەر سێی دەنگەکان کە بەپێی رێککەوتنەکان پشکی کوردە( لێرەشدا کێشەیەک هەیە کە تا ئێستا ئەو پۆستە بۆ یەکێتى نیشتمانى کوردستان بووە، بەڵام ئاخۆ ئەمە تاکەى بەردەوام دەبێت لەکاتێکدا هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەى پشکی لایەنێک نییە بەڵکو پشکى نەتەوەیە).
- سەرکوەزیران چۆن دیاریدەکرێت؟
- بەگوێرەى گوتەکانى سایغ سەرۆککۆمارى هەڵبژێردراوی نوێ دواى 15 رۆژ لە دەستبەکاربوونى بەگوێرەى مادەی 76ـى دەستوورى عێراق کوتلەى گەورەى براوى هەڵبژاردنەکان رادەسپیرێت کە لە ماوەى 15 رۆژدا سەرۆککوەزیران پێشکەش بکەن، بەگوێرەى رێککەوتنە عورفییەکانیش ئەم پۆستە بۆ پێکهاتەى شیعەکانە بە بێ ئەوەى لایەنێک دیاریکرابێت بۆیە تا ئێستا چەند کوتلەیەک بوونەتە خاوەنى ئەم پۆستە،
- کوتلەى گەورە کێیە؟
-
شرۆڤەکارى سیاسی عیراقى سایغ دەڵێت: کوتلەى گەورەى براوە هەڵبژاردن 30 رۆژى لەبەردەستدایە بۆ ئەوەى گفتوگۆی ناوخۆیی و دروستکردنی هاوپەیمانى و رێککەوتن لەنێوان لایەنەکان دروستبکرێت بۆ ئەوەى بگەنە ئەنجامێکی ئەوتۆ کە نزیکبوونەوەى باش هەبێت لە نێوانیاندا تا دەنگی زۆرینەى پەرلەمانتاران بەدەستبهێنن.
- سیناریۆی 2021 دووبارە دەبێتەوە و دروستکردنی حکومەت دوا دەکەوێت:
- مەحموود عەواد شارەزاى بوارى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاندووە کێشەى گەورە بۆ چوارچێوەى هەماهەنگی دێنێتە پێشەوە، بۆ دیاریکردنى سەرۆکوەزیران پێویستى بە (222) دەنگ دەبێت، کە ئەوەش بە بێ رێککەوتنى لایەنەکان نایەتە دی؟ باسى لەوەشکردووە دوو لەسەرسێ کێشەى بۆ پەرلەمانى 2021 دروستکردوو بۆ ماوەى چەند مانگێک پێکهێنانى حکومەتى دواخست، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ ئەو سیناریۆیە دووبارە دەبێتەوە؟ کە عەواد خۆی باوەڕی وایە بەڵی ئەگەرى دووبارە بوونەوەى زۆر دوور نییە لەبەر ئەوەى چوارچێوەى هەماهەنگی لەوبارەیەوە پڕیەتى لە بۆمبی تەوقیتکراو و هەریەکەیان لە بۆسەدایە بۆ ئەوی دیکە؟ بەتایبەتى هەردوو کەسایەتى دیارى شیعە مالیکی و سودانی خۆیان بۆ ئەو جەنگە یەکلایی کردووەتەوە و دەستێوەردانە نێودەوەتى و هەرێمییەکانیش لەو بوارەدا رۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینن.
- جوڵە لە دژی سودانی دەستپێکردووە:
- بەگوێرەى سەرچاوە عێراقییەکان لایەنە شیعەکان نیگەرانن لە بەهێز بوونی پێگەی سودانی و جم و جوڵێکی چڕی سیاسی لە بەغدا لە ئارادایەو بەپێی جم و جۆڵەکان لایەنە شیعەکان هەرگیز ڕێگە بە سودانی نادەن حکومەت پێکبهێنێتەوە، مەگەر ئەمەریکا فشاری گەورە بکات و پاشەکشە بە مالیکی و لایەنەنزیکەکانى ئێران بکات، ئەگینا دوور نییە سودانی کۆتایی بێت. بەڵام هێشتا نازانرێت و شارزایان باس لەوە دەکەن ئەم قۆناغە لە خودی هەڵبژاردنەکە بۆ لایەنەکان قورسترە، چوون ئامانج لە هەڵبژاردن گەیشتن بوو بەو گۆڕانکارییە گرنگانە ئەگیان خۆی لە خۆیدا هەڵبژاردن مانا راستەقینەکەى خۆی لەدەستدەدات.