دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەو تۆمەتانە کامانەن ئاڕاستەى نەتانیاهۆ کراون؟

هەرێم نیوز

سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ چووە بەردەم دادگاى وڵاتەکەى و بۆیەکەمجار ژمارەیەک تۆمەتى ئاڕاستەکرا، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ ئەم جۆرە دادگاییانە رۆتین و بەرچاوییە یان ئەوەیە راستییە و دادگا کارەکانی خۆی سەربەخۆیانە ئەنجامدەدات؟ هەرچۆنێک بێت ئەم هەنگاوە بەیەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان دادەنرێت، بەڵام  ئاخۆ ئەو تۆمەتانەى ئاڕاستەکراون کامانەن؟

لە ساڵی 2009ـەوە تۆمەتى وەرگرتنى بەرتیل و فڕوفێڵ و خیانەتى دارایی دراوەتە پاڵ نەتانیاهۆ و لە هەمان کاتدا ئەویش بەبەردەوامی رەتیکردووەتەوە، لە هەمان کاتدا و لە لایەکی دیکەوە لە ساڵی 2020 ـەوە سێ تاوانی دراوەتەپاڵ هەرچەندە ئەو رەتیدەکاتەوە.
بەرتیل:

نوێنەرانی دواکاری گشتى ئیسرائیل جەختیانکردووەتەوە کە نەتانیاهۆ بڕی (1.8 ملیار شیکڵ) کە دەکاتە (500 ملیۆن دۆلار)ـى داوەتە یەکێک لە کۆمپانیاى (بیزک) بۆ ئەوەى بەباشى باس لە خۆی هاوسەرەکەى بکەن ، کۆمپانیاى ناوبراو لە لایەن شاول ویفییچەوە بەڕێوەدەبرێت و کارى میدیایی دەکات، هەرچەندە تۆمەتەکە لە لایەن نەتانیاهۆوە رەتدەکرێتەوە بەڵام بەرپرسی کۆمپانیاکە دەڵێت ئەو هیچ کارێکی نایاسایی نەکردووە.

دیارییەکان:

نەتانیاهۆ تۆمەتبارە بە وەرگرتنى 210 هەزار دۆلار کە وەک دیاری لە لایەن ئارنۆن میلشان، هاووڵاتى ئیسرائیلەوە پێی دراوە و لە هۆڵیۆد وەک وەبەرهێنی سینەمایی کار دەکات و بەشێکی ئەو پارەیەش پەیوەندیی بە هاووڵاتییەکی دیکەى ئیسرائیلەوە هەیە کە جیمس باکرى ملیۆنێری دیارى ئیسرائیلییە ، بەگوێرەى قسەى داواکارانی گشتى ئەو بڕە پارەیە لە شێوەی شەمپانیا و جگەرەى گرانبەهادا وەریگرتووە، لەبەرامبەردا نەتانیاهۆ هاوکاریی کردوون لە کارى بازرگانیدا.

هەوڵی رێککەوتن:

نوێنەرانى داواکاری گشتى رایانگەیاندووە کە نەتانیاهۆ هەوڵی رێککەوتنى داوە لەگەڵ ئارنون موزیس خاوەنی رۆژنامەى (یەدیعۆت ئەحرونوت)ـى ئیسرائیلى بۆ ئەوەى پشتیوانى لێبکات و لەبەرامبەر نەیارەکانیدا پیاهەڵدانى بۆ بکات و لە نەیارەکانى بدات، هەربۆیە نەتانیاهۆ بە فرت و فێڵ و خیانەتکردن لە ئەمانەت تۆمەتبار کراوە.

چەند مانگێک درێژە دەکێشێت:

ئەو تۆمەتانە لە دادگاییەکەدا ئاڕاستەى نەتانیاهۆ کرا، بەڵام شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە پێناچێت ئەو دۆسییانە بەو ئاسانییە بەڕێوە بچێت و دادگا بەخێرایی کارەکانى بکات و تۆمەتەکانى لەسەر ساغبکاتەوە بۆیە پێیان وایە ئەم دادگاییکردنە چەندین مانگ دەخایەنێت.

ئایا چاوپۆشى لە نەتانیاهۆ دەکرێت؟

پارێزەرەکانى نەتانیاهۆ داوایەکیان بۆ سەرۆکی ئیسرائیل ئیسحاق هەرتسوغ بەرزکردووەتەوە و تیایدا رایانگەیاندووە ئەو کارانەى کە دراونەتەپاڵ نەتانیاهۆ بەهۆی کارەکەیەوەیەتى و پێگەیەکی گشتی هەیە بۆیە قابیلى ئەوەیە کە لێخۆشبوونى بۆ دەربکرێت و لەو کارانەدا هیچ لایەنێکی تاوانى تێدا نییە. بەڵام شارەزایان پێیان وایە دەبێت تۆمەتەکانى لەسەر شاغببێتەوە ئەوجا سەرۆک بڕیاری لێخۆشبوون دەردەکات و نابێت پێشى دادگا بکەوێت.

دەساڵ زیندانى و پێبژاردنی دارایی:

ئەگەر تۆمەتەکانى بەسەردا ساغبوویەوە، ئەوا لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە تا وادەى پێداچوونەوەش تەواو دەبێت و بریارەکە پلەى کۆتایی وەردەگرێت و ئەگەر تۆمەتەکانى بەسەردا ساغبوویەوە ئەوا بەگوێرەى یاساى ئیسرائیل جگە لەوەى بۆ ماوەى دە ساڵ زیندانى بۆ دەکرێت بژاردنی دارایش دەیگرێتەوە، بۆ بابەتى فرت و فێلێش بەهۆی پلەکەیەوە سێ ساڵ زیندانیی دەیگرێتەوە.

چى کاریگەرییەکی دەبێت؟

لەدواى هێرشەکانى 7ـى ئۆکتۆبەرى 2023 ـەوە تا ئێستا شەقامی گشتى ئیسرائیل و بگرە جیهانیش بوونەتە دوو بەشەوە، هەندێکیان پشتیوانى لە مانەوەى دەکەن و بەشێکى دیکەشیان دەڵێن دەبێت بکشێتەوە و رەخنەى توندی لێدەگرن و نایانەوێت جارێکی دیکە  لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوودا بیباتەوە و ببێتەوە بە سەرۆکوەزیرانى ئەو وڵاتە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP