دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

لەدواى کشانەوە یونامی دۆخی عێراق بەرەو کوێ؟

هەرێم نیوز

پێگەى (DW)ـى ئەڵمانى بڵاویکردەوە شارەزایان و چاودێرانى سیاسی باوەڕیان وایە لە کۆتایی ئەمساڵدا نوێنەرانى نەتەوەیەکگرتووەکان (یونامی) لە عێراق دەکشێنەوە و هاوشان هێزە سەربازییەکانى ئەمریکاش ژمارەیان کەمدەبێتەوە، هەر ئەو شرۆڤەکارانە باوەڕیان وایە ساڵی نوێ (2026) عێراق دەبێتە عێراقێکی دیکە و تا ڕادەیەکی زۆر بارى شانى لە هێزە دەرەکییەکان سووکتر دەبێت بێگومان ئاماژەیان بە مەترسییەکانى ئەو قۆناغەش کردووە چوون هێشتا ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوەتى سەقامگیر نییە و هەڕەشە جۆراوجۆرەکان کۆتاییان نەهاتووە. نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق ناسراو بە یونامی (UNAMI) 22 ساڵە لە عێراقە و کەمێک دوای روداوەکانى 2003 و هاتنە ناوەوەى هێزەکانى ئەمریکا و هاوپیەمانان ئەوانیش دەستیان بەکارەکانیان کردووە، بەگوێرەى گوتەکانى محەمەد ئەلحەسان کە لەبەردەم ئەنجوومەنى ئاسایشدا کردوویەتى ئیتر کاتى ئەوە هاتووە یونامی بارگەوبنەى خۆی بپێچێتەوە و عێراق بداتەوە دەست عێراقییەکان خۆیان.

لە هەمان کاتیشدا حکومەتى عێراقیش پێی وایە رۆڵی رێکخراوەکە لە عێراق کۆتایی هاتووە و کاتی ئەوەى کاروبارەکان بدرێتەوە دەست خۆیان. حکومەتى عێراق لە ساڵی 2024ـەوە داواى داخستنى رێکخراوەکەى کردووە، لەگەڵ ئەمریکییەکانیش گەشتوونەتە رێککەوتنێک کە بەگوێرەى مەرجی دوو لایەنە و رێککەوتنی پێشوەختە هێزەکانیان لە عێراق کەمبکەنەوە.

ریناد مەنسور، توێژەر لە کاروباری عێراق لە ناوەندى توێژینەوەى (تشاسام هاوس)ـى بەریتانی بە پێگەى زی ناشناڵی هەواڵی گوتووە، حکومەتى عێراق دەیەوێت دۆخی خۆی ئاسایی بکاتەوە و ببێتەوە بە حکومەتێکى ئاسایی خاوەن سەروەریی و پەیوەندییەکانى رێکبخاتەوە. هاوینى رابردوو لە باکووری عێراق یۆنامی نوسینگەکانى خۆی داخست کە 700 فەرمانبەری جۆراوجۆر کاریان تێدادەکرد، بڕیاریشە کۆتایی ئەم مانگەش نوسینگەى بەغداد دابخات و سەرجەم بیناکانى رادەستى حکومەتى عێراقى بکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا وا چاوەڕێ دەکرێت بەشێک لە هێزە ئەمریکییەکانیش بگەڕێنەوە و دوا وادەش بۆ کۆتایی هێنان بە هێزەکانى ئەمریکا مانگی ئەیلوولى 2026ـە. لە هاوینى رابردوشەوە بەشێک لە هێزەکانى ئەمریکا چوونەتە هەرێمی کوردستان و رۆژاڤای کوردستان.

پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئاخۆ دۆخی عێراق لەدواى پاشەکشەى یونامی و هێزەکانى ئەمریکا بەکوێ دەگات؟ خاتوو فیرونیکا ئیرتڵ سەرۆک و دامەزرێنەرى دامەزراوەی (KAS)ـى ئەڵمانی بۆ توێژینەوە سیاسییەکان رایگەیاندووە، کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا بچڕانى پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە هرچۆنێک کراوە دەبێت عێراق لە شەڕێکی دیکە بپارێزرێت، بەشێکی زۆریش لە عێراقییەکان ئاگاداری ئەوەن بوونى ئەو هێزانە لە عێراق لە رابردوودا چ کاریگەرییەکی ئەرێنییان هەبووە بۆ سەقامگیریی وڵاتەکە، لەوانەشە 250 بۆ 350 سەربازی ئەمریکی لە هەرێمى کوردستان بمێننەوە تا کاتێکى نادیار کە بریتین راوێژکار و راهێنەری بوارە جۆراوجۆرەکانن پێشتریش سەرۆکوەزیرانى عێراقیش رایگەیاندووە کشانەوەى هێزە ئەمریکییەکان ماناى بوونى متمانەى عێراقە بەخۆی .

ئەوە لە کاتێکدا بە گوێرەى گوتەى شارەزایان هێشتا نزیکەى سێ هەزار چەکداری داعش لە ناوچەکانى عێراق و سوریادا ماون. جەیمس جیفری ، باڵیۆزی پێشووى ئەمریکا لە عێراق پێشتر رایگەیاندووە لەکاتى بوونى هەرمەترسییەکدا ئەمریکا بەخێرایی بەدەم عێراقییەکانەوە دەچێت، خاتوو ئیرتڵ (توێژەرە ئەڵمانییەکە) ش پێى وایە هاریکاریی سەربازیی ئەمریکا لەکاتى پێویستدا بۆ عێراق بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە کارەکانى یۆنامیش لە بوارەکانى چاودێری منداڵان، ژنان، مافەکانى مرۆڤ، کۆچ و کۆچبەران، هەڵگرتنەوەى مین، شوێنەوار و ژینگە و کارەکانی تریش وا چاوەڕێ دەکرێت یۆنامی رادەستى تیمی نەتەوەیەکگرتوەکان و رێکخراوی تەندروستى جیهان و بەرنامەى خۆراک و سندوقى دراوی نێودەوڵەتى بکرێت. محەمەد ئەلحەسان پێشتر رایگەیاندبوو ، کارى یونامی تەواو بووە بەڵام خۆ کاری نەتەوە یەکگرتووەکان تەواو نەبووە لە عێراق و عێراقیش لە ئەندامێتى نەتەوەیەکگرتووەکان نەکشاوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP