دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

وەزیری پەروەردە لە چەمچەماڵەوە زنجیرەیەک بڕیاری بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی زیانەکانی لافاو دەردەکات

هەرێم نیوز

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری شاندێکی باڵای وەزارەت سەردانی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیەی کرد. ئامانجی سەردانەکە بەسەرکردنەوەی ئەو ناوەندانەی خوێندن بوو کە بەهۆی لافاوەکەی ئەم دواییەوە زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بوو لە دیوانی پەروەردەی چەمچەماڵ بۆ دەرکردنی بڕیاری پێویست.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ ئامادەی بوون، وەزیری پەروەردە کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی دەرکرد کە گرنگترینیان ئەمانەن:

١. دەستپێکردنی نۆژەنکردنەوە لە ڕۆژی یەکشەممەوە:
بە پشتیوانی دارایی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران، بڕیاردرا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بڕی پارەی پێویست بنێردرێت بۆ سلێمانی. ئەمەش بەپێی دەرخستەی تیمە ئەندازیارییەکان بۆ ئەوەی دەستبەجێ پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان دەستپێبکات.

٢. قەرەبووکردنەوەی کەلوپەلەکان:
ڕاسپاردەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ کرا کە تا ڕۆژی یەکشەممە لیستی ئەو کەلوپەلانە ئامادە بکەن کە بەهۆی لافاوەوە لەکارکەوتوون. هاوکات بڕیاردرا پارەی پێویست بۆ کڕینەوەی ئەم کەلوپەلانە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە خەرج بکرێت.

٣. دواخستنی تاقیکردنەوەکان:
بڕیاردرا تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرز بۆ مانگی یەک (کانوونی دووەم) دوا بخرێت. بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەزموونەکان و پەروەردەی سلێمانی راسپێردران هەماهەنگی بکەن بۆ دانانی میکانیزمی گونجاو.

٤. دابینکردنی کتێب و پێداویستی:
بڕیاردرا لە هەفتەی داهاتووەوە وایتبۆرد و پێداویستییەکان بگەیەنرێتە چەمچەماڵ. هەروەها کتێبی نوێ بۆ ئەو قوتابیانە دابین دەکرێت کە کتێبەکانیان لە قوتابخانە یان لە ماڵەوە فەوتاوە، و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام دابەش دەکرێت.

٥. هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکان:
لە میانەی سەردانەکەدا، وەزیری پەروەردە لەگەڵ دکتۆرە یارا بەرزنجی و تیمی (کوردستان فاوندەیشن) کۆبووەوە و بڕیاردرا دوو قوتابخانە لەلایەن ئەم ڕێکخراوەوە بەتەواوی نۆژەن بکرێنەوە و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت.

٦. دەسەڵاتی دیاریکردنی دەوام:
بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ دەسەڵاتی پێدرا ڕۆژی شەممە لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر دەوام. بەپێی بڕیارەکە، دەوام لەو قوتابخانانە ڕادەگیرێت کە نۆژەن دەکرێنەوە، بەڵام ئەو قوتابخانانەی مەترسییان لەسەر نییە و ڕێگاکانیان سەلامەتە، دەتوانن دەوام بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP