هەرێم نیوز
ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەنێوان ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هامش فاڵکنەر، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ئەنجام درا.
لەم پەیوەندییەدا، سەرنج خرایە سەر دۆخی هەستیاری ناوچەکە و پرسە سیاسییەکان، بەتایبەتی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
تەوەرێکی دیکەی سەرەکیی گفتوگۆکان بریتی بوو لە تاوتوێکردنی مەترسییە ئەمنییەکان، بەدیاریکراویش دواین هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.
هاوکات هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردەوە و ڕێککەوتن لەسەر زیادکردنی هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێم و بەریتانیا، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی کۆچی نایاسایی و بنبڕکردنی تاوانە ڕێکخراوەکان.