دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراقچی: ئامادەین بۆ هەموو ئەگەرێک

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایدەگەیەنێت، ئێران بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵکو بەتەواوەتی ئامادەیە بۆ هەر ئەگەرێک و لە کات و ساتی خۆی وەڵامی توندمان دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران،  لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،"هەرگیز متمانەمان بە ئەمەریکا نەبووە وەک هاوبەشێکی دانوستانکاری ڕاستگۆ، واشنتۆن لە هیچ پرسێکدا دڵسۆزی نیشان نەداوە و ناتوانرێت متمانەی پێبکرێت، بەڵام ئەمە ڕێگری ناکات لە پەیڕەوکردنی ڕێبازی دیپلۆماسی". 

ئاماژەی بەوەشکرد،"ئیسرائیل لە ئێستادا سەرنجی لەسەر شەڕی دەروونییە، ئامانجی دروستکردنی کەشوهەوای ترسە لە ناوخۆی ئێراندا، شەڕی دەروونیش بەشێکە لە شەڕی ڕاستەقینە".

وتیشی: "بیستنی ئەگەری هێرشی نوێ بە مانای چاوپۆشیکردن لە مەترسی شەڕ نییە، ئێران و هێزە چەکدارەکانی و گەلەکەی لە هەر هەلومەرجێکدا بێت بە تەواوی ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە وڵات، جەختیشی لەوە کردەوە، کە "ئێران بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵکو چارەسەرکردنی کێشەکانی لە ڕێگەی دیپلۆماسی و دانوستانەوە پێ باشترە".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو "ئەو سزایانەی ساڵانێکی زۆرە بەسەر گەلی ئێراندا سەپێنراون، هیچ کێشەیەکی چارەسەر نەکردووە، جگە لە ڕێبازێکی دانوستانکاری و دیپلۆماسی هیچ چارەسەرێک نییە، هەڵوێست و هێزی ئێران لە لایەن خودی گەلی ئێرانەوە دیاری دەکرێت، ئەمەریکاش دەبێت ڕێز لە گەلی ئێران و ئەو سیستەمە بگرێت کە بە ئارەزووی خۆیان هەڵیانبژاردووە".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP