دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

هاوپەیمانییەکی نوێ لە دژى تورکیا دروستدەبێت

هەرێم نیوز

لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست جوڵەیەکی سێ قۆڵی لە دژى تورکیا  دەستى پێکردووە و هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن رەهەندی مێژوویی و سیاسەتە سەردەمییەکانى ئەردۆغان هۆکارى سەرەکی ئەو بارودۆخە نوێیەن کە وا چاوەڕێدەکرێت بۆ تورکیا بێتە ئاراوە، رۆژنامە یۆنانییەکان باس لەوە دەکەن هەر یەک لە یۆنان و ئیسرائیل و قوبرس لە سەروبەندی پێکهێنانى هێزێکی هاوبەشدان بۆ هەر ئەگەر و پەلامارێک و شرۆڤەکارانیش ئاماژە بەوە دەکەن مەبەستەکە تورکیایە.

رۆژنامەى "يەديعوت ئەحرونوت"ـى ئیسرائیلى بڵاویکردووەتەوە ئەسینا ماوەیەکی زۆرە چاودێریی هێزەکانى تورکیا دەکات و بەهۆکاری ناسەقامگیریی ناوچەکە و رۆژهەڵاتى دەریاى ناوەڕاستى دەزانێت لە هەموو روویەکەوە، بەشێک لەو جووڵانەى ئەمریکاش پێچەوانەى هەموو داب و نەریت و عورفەسیاسییە نێودەوڵەتییەکانیش بووە. بۆ چارەسەرى ئەو بارودۆخە لەگەڵ قوبرس و ئیسرائیل سەرقاڵی دروستکردنی هێزێکی هاوبەشى خێران بۆ بەرگریی لە خۆیان لە لایەک و رەتدانەوەى هێزەکانى تورکیا لە دەریاو ئاسمانیشەوە.

بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى ناوبراو، بەرەچاوکردنى لێدوانەکانى ئەم دواییانەى سوپاسالاری یۆنان دیمیتریۆس خۆفێس کە بەئاشکرا گوتى پێویستیان بە هێزێکی بەرگریی گەورە هەیە و ماوەیەکی زۆریشە لە نێوان وڵاتەکەى و ئیسرائیل دا گفتوگۆی لەوبارەوە کراوە، شرۆڤەکارانى ئیسرائیلى و رۆژنامەکەش ئەم کارەیان بە ئەرێنى لێکداوەتەوە و بڵاویکردووەتەوە بیرۆکەکە لە لایەن گەورە بەرپرسانى ئیسرائیلەوە پەسەندکراوە.

رۆژنامە ئیسرائیلییەکە باسی لەوەشکردووە گروپێکی سەربازیی 2500 کەسى پێکدەهێنرێت هەزارکەسیان لە یۆنان و هەزارى تریش لە ئیسرائیل و 500 سەربازیش لە قوبرس، هەموویان دەبێت لە بوارى دەریایی و ئاسمانیدا کاریان کردبێت و هەموو پێداویستییەکانیشیان بۆ دابیندەکرێت، لە لایەن دەستە باڵاکانى ئیسرئیل و یۆنانەوە سەرپەرشتى دەکرێن و بەڕێوە دەبرێن و بونیادنانى سەرەتایی و لوجستییان لە ئەستۆی ئەو دوو وڵاتەدایە بەو پێیەى تواناى سەربازیی و داراییان لە قوبرس باشترە.

شاى گاڵ، شرۆڤەکاری سیاسی ئیسرائیلى لە لێداوانێکیدا بۆ رۆژنامەى (تا نیا)ـى یۆنانى گوتوویەتى ئەم هەنگاوە تەنها لە دژى وڵاتێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو هەنگاوێکی سترتیژیی دوور مەودایە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ستراتیژییەى لە رۆژهەڵاتی دەریاى ناوەڕاستدا هەیە، دەشڵێت: لە رودسەوە تا قوبرس و ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر مینا و شوێنى لەنگەرگرتنى کەشتى و کێبڵی کارەبایی بەرچاوو نادیاری نێودەریا بوونیان هەیە، لە هەموو کاتێکیشدا ئەگەرى هەڵگیرسانی جەنگ و ئاڵۆزیی لەو ناوچەیەدا هەیە، وەک هەمووانیش دەزانن رۆژهەڵاتی دەریاى ناوەڕاست رێگەیەکەی بەهێزە بۆ ئەوروپا کە ئەمڕۆ لەبەردەم مەترسیدایە.

بەگوێرەى سەرچاوەکان هاوپەیمانی ئەو سێ وڵاتە تەنها لە بوارى سەربازییدا نییە و بوارەکانى وزە، ئاسایشى دەریایی و ئاسمانى، ژێرخانى پاراستنى بەرژەوەندییەکانى هەرسێ لا دەگرێتەوە و هەفتەى رابردوش تومەربار فەرماندەى هێزە ئاسمانییەکانى ئیسرائیل لەگەڵ هاوتا یۆنانى و قوبرسییەکەیدا کۆبوونەتەوە و باسیان لە هەماهەنگی هەرسێ کردووەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسە ئیسرائیلییەکە ئاماژەى بە فراوانخوازییە نوێیەکانى ئیسرائیل کردووە لە رۆژهەڵاتى دەریاى ناوەڕاستدا و نەیشاردووتەوە ئەگەر تورکیا بەم شێوەیەى ئیستا بەردەوام بێت لە داهاتوودا کێشە بۆ جموجوڵی ئاسمانى و دەریایی هەر سێ وڵات دەکات و بە دوورى نەزانیوە کێشە بۆ جموجوڵی هاووڵاتیانیش دروستبکات.

رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە کە هێزە یۆنانییەکان خاوەنى فڕۆکەى (ئێف 35) و (ئێف 16)یـە لە جۆرە پێشکەوتووەکانى، لە هەمان کاتیشدا قوبرس خاوەنی فرۆکە بچووک و هەلیکۆپتەرى پێشکەوتووە لەگەڵ فرۆکەى شمەک گواستنەوە، لەکاتى روبەڕووبوونەوەی 12 رۆژەى ئیسرائیل لەگەڵ ئێران فرۆکەخانەکانى قوبرس وەک جێگرەوە گواستنەوەى هاووڵاتییانى ئیسرائیلى بەکارهێنراون و لە لایەن فڕۆکەوانى ئیسرائیلەوە سەرپەرشتى فرۆکەخانەکە کراوە، ئاماژەى بەوەشکردووە کە پێدەچێت لە هەفتەکانى داهاتوودا بنیامین نەتانیاهۆ لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانى هاوپەیمان کۆببێتەوە.

رۆژنامە یۆنانییەکان باس لەوەدەکەن یۆنان سیستمی مووشەکی جۆری (Spike NLOS) لە ئیسرائیل وەرگرتووە و واش چاوەڕێ دەکرێت لە هاوینى داهاتوودا بگەنە کۆتایی گواستنەوەى ئەو سیستمە مووشەکییە، لەگەڵ ئەوەشدا یۆنان چاوى لەسەر رۆژهەڵاتى دەریاى ئیجەیە و دەیەوێت سیستمى مووشەکى دوو مەودا بباتە ئەو ناوچەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP