هەرێم نیوز
كاركردن لە پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر- گۆمەسپان تەواو بوو، لەئێستادا سەرقاڵی هێڵكاری و چەند وردەكارییەكی ترن لە پڕۆژەكە و سەرەتای ساڵی نوێ دەكرێتەوە.
پڕۆژەكە ئێستە هەردوو سایدەكەی قیرتاو كراوە و سەرەتای ساڵی نوێ دەكرێتەوە و دەخرێتە خزمەتی شوفێران. رێگەكە 16 كیلۆمەتر درێژە، پانیی هەر لاینێكی 10 مەتر و 75 سانتیمەترە، پڕۆژەكە سێ چینی قیركردنی هەیە و بە هەرسێكیان دەبێتە قیرتاوێك، بەرگەی ئەو هەموو بارهەڵگر و هاتوچۆیەك بگرێت و سەرەتای ساڵی داهاتوو ئەو رێگەیە تەواو دەكرێت و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان، كە بە باشترین كوالێتی و ستاندارد دروست كراوە و. خێرایی لێخوڕین 100 كیلۆمەتر لە سەعاتێك دەبێت و لەگەڵ رێگەی گۆمەسپان- سماقووڵی پێك دەگاتەوە، دوو هەزار كرێكار بەردەوام كاری تێدا دەكەن.
ئێستاش، دەست كراوە بە شۆردی رێگەكە و ئامادەكاری بۆ هێلكاریكردن، تەنیا كارێك مابێت تەواوكردنی دەروازەی هەولێر و بەشێك لە پردەكەی چوارڕیانی گۆمەسپانە كە پێشبینی دەكرێت ئەو بەشەیان لە 10 بۆ 15 ڕۆژی تەواو بكرێت.
ئەو دووسایدە، لە چوار پرد و یەك ئەندەرپاس، 40 ئاوبەری سندووقی قەبارە درێژی جۆراوجۆر، پەرژینی خۆپاراستن و سیستمی ئاوەڕۆی پێكدێت، هەروەها لەو پڕۆژەیەدا دوو هەزار كارمەند و 600 ئامێری جۆراوجۆر كاری تێدا دەكەن كە 100%ی پشتی بە هێزی كاری ناوخۆیی بەستووە و یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجی و گرنگەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و بە تەواوبوونی، سوودێكی زۆری دەبێت بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران و كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی سەر ڕێگەكە، كە پێشتر یەك ساید بووە و ڕووداوی نەخوازراوی لێ كەوتووەتەوە و پڕۆژەكە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان- سماقووڵی كاری تێدا دەكرێت و بە تەواوبوونی، ڕێگەی هەولێر تا سماقووڵی بە درێژیی 38 كیلۆمەتر دەبێتە دووساید.
جێگەی باسە، لە 10ـی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر- كۆیە دانا، لەو كاتیش رای گەیاند كە جووتسایدی هەولێر- گۆمەسپان دروست دەكرێت.كە هاوتەریب لەگەڵ هەردوو پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی سنوورەكە، (دووسایدی گۆمەسپان- سماقووڵی) و دووسایدی ڕێگەی سەرەكیی (هەولێر- كۆیە).