هەرێم نیوز
شارەزایەکی بواری کەشناسی دەڵێت، پێشبینی دەکەین له درەنگانێکی ئێوارەی سبەینێ سێشەمە بەزۆریش کاتەکانی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە تاوەکو ئێوارەی چوارشەممە ناوبەناو ئەگەری بڕێکی کەم باران هەیە.
سیروان ساڵح دەڵێت، شەپۆلەکە بەزۆری لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و کەرکوکە، ئەگەر هەیە لەنێوان ( 3 تاوەکو 6 ملم ) باران ببارێت و لە زنجیرە چیاکانی بەرزتر لە ( 1800 مەتر ) ئەگەری بەفربارین هەیە بەزۆریش لە زنجیرەچیاکانی سورێن و داڵەهۆ و شاهۆ و چیاکانی پێنجوێن و حاجی ئۆمەران و باکووری سیدەکان و سۆران. هەروەها لەسەرەوەی زنجیرە چیای کوڕەکاژاو و پیرەمەگرون.
له پارێزگای هەولێرو دهۆک و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و سۆران و زاخۆ شەپۆلەکە لاوازترە و زۆرینەی کات تەنها نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری بڕێکی کەم باران.
ڕۆژی پێنجشەممە کەش ئاسایی دەبێتەوەو سەرەتای هەفتەی داهاتووش بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک شەپۆلێکی بارانی فراونترو باش و لەکۆتایشدا سەرما هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە.