هەرێم نیوز
دوای ئەنجامدانی تیروپشك بۆ دوو هەزار فەرمانبەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، ناوی هێزەكانی پێشمەرگەشی تێدایە و ناوەكانیان بۆ یەكە سەربازییەكانیان دەنێرینەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، لیستی ناوی ئەو پێشمەرگانەی لەم قۆناغەدا سودمەند دەبن، هاوشێوەی وەجبەکانی ڕابردوو ڕەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێتەوە. دواتریش لە ڕێگەی "لیژنەی وەرگرتنی زەوی" ناوەکان بۆ یەکە سەربازییەکان ڕەوانە دەکرێن تاوەکو ڕێکارەکان تەواو بکرێن.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، دەتوانن بۆ زانینی وردەکاریی زیاتر و ئاگاداری لە ناوی خۆیان، سەردانی یەکە سەربازییەکانی خۆیان بکەن.
ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ دابینکردنی زەویی نیشتەجێبوون بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کە لە ماوەی ڕابردوودا دەستی پێ کردووە.
هاوکات، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بڵاوی كردەوە، سبەی دوو هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ناو شاری هەولێر دابەش دەكرێت، بەوەیش دەبێتە پێنجەم بەشی فەرمانبەران كە زەوی وەردەگرن.
سەرەتای ئەمساڵ مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دابەشكردنی زەویی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دا، بەشێكی زۆر لە فەرمانبەرانی هەولێر لە گەڕەكە جۆراوجۆرەكان / بەگوێرەی كارتی زانیاری/ بوونە خاوەنی زەوی 200 مەتری و ئێستە پڕۆسەكە بەردەوامی هەیە.